ناوەندی هەواڵەکان
د. هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانى، سەرکۆنەى هەردوو هێرشەکەى سەر فڕۆکەخانەى کشتوکاڵی عەربەت لە سلێمانی و نوێنەرایەتى کەنەکەى لە هەولێر کرد و داوا لە وڵاتانى ناوچەکەش دەکات، ڕێز لە سەروەریی خاکی هەرێمی کوردستان و عیراق بگرن.
دوانیوڕۆی ئەمڕۆ لە شاری هەولێر هێرش کرایە سەر نوێنەرایەتى کۆنگرەی نەتەوەیی-کەنەکە و نوێنەریی کەنەکە لە باشووری کوردستان شەهید کرا، تەنیا دوو کاتژمێر دوای ئەو ڕووداوە بۆردوومانى فڕۆکەخانەى کشتوکاڵی عەربەت کراو بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان حەوت کەس گیانیان لەدەستداوە.
لەسەر هەردوو ڕووداوەکە، د. هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانى پەیامێکی بڵاوکردەوەو بەناوی پارێزگای سلێمانییەوە؛ بەتوندیی سەرکۆنەی ئەو دەستدرێژییانە کرد کە ئەمڕۆ کرانە سەر فڕۆکەخانەی کشتوکاڵیی عەربەت و، بارەگای کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان لە هەولێرو، هەموو ئەو سنوربەزاندن و پەلاماردانانەیشی کە بەوتەى ئەو لە ڕابردودا کراونەتە سەر هەرێمی کوردستان.
پارێزگاری سلێمانى ڕایگەیاند: هاوخەمیی و پەژارەو پرسەی فەرمیی خۆمان بۆ شەهیدانی ئەم ڕوداوە نەخوازراوانە دەردەبڕین و، هیوای چاکبونەوەی خێرا بۆ بریندارەکان دەخوازین.
هەروەها پارێزگاری سلێمانی، داواش لە وڵاتانی ناوچەکە دەکات ڕێز لە سەروەریی خاکی هەرێمی کوردستان و عیراق بگرن، داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندی و هەموو لایەنە سیاسییەکان دەکات کۆتایی بە ناکۆکییە ناوخۆییەکان بهێنن و، خۆیان و وڵاتەکەمان لە هەر ململانێیەکی ناوچەیی و نێودەوڵەتیی بەدووربگرن و شکۆو سەروەریی نیشتمانیی وڵات؛ بپارێزن.
ه.ح
Comments are closed.