“هێرشەکەی عەربەت بە چاوساغی نۆکەران و سیخوڕی ناوخۆیی ئەنجامدراوە”

ناوەندی هەواڵەکان

بەڕێوەبەرایەتی گشتی دژەتیرۆری کوردستان ڕاگەیەنراوێکى سەبارەت بە هێرشەکەى سەر فڕۆکەخانەى کشتوکاڵی عەربەت بڵاوکردەوەو ڕایگەیاند: لێکۆڵینەوەی ورد لەسەر ئەم تاوانە تیرۆریستییە دەستپێکردوە کە بەچاوساغی نۆکەرانی بێگانەو سیخوڕانی ناوخۆیی ئەنجام درا بێ سزا تێناپەڕێت، دەشڵێت: تۆڵەی شەهیدەکانمان لە ئەستۆی ئێمەیە و ناهێڵین خوێنی گەشیان بەهەدەربڕوات.

لە ڕاگەیەنراوەکەدا بەڕێوەبەرایەتی گشتی دژەتیرۆری کوردستان دەڵێت: ئەمڕۆ دووشەممە ١٨ / ٩ / ٢٠٢٣ پاشنیوەڕۆ فڕۆکەخانەی کشتوکاڵی عەربەت لە سلێمانی لەلایەن داگیرکەران و ناحەزانی ئارامی و ئاسایشی هەرێم بە فرۆکەی بێ فڕۆکەوان کرایە ئامانج کە بەداخەوە سێ هەڤاڵ و پێشمەرگەی قارەمانی دژەتیرۆری کوردستان شەهیدبوون و ێ پێشمەرگەی تریشمان برینداربوون.

هەروەها بەڕێوەبەرایەتی گشتی دژەتیرۆری کوردستان وتیشی: وێڕای دەربڕینی هاوخەمی و پرسەو سەرەخۆشیمان بۆ شەهیدبوونی هەڤاڵەکانمان هیوای زووچاکبوونەوەش بۆ بریندرەکانمان دەخوازین بۆ هەموولایەکیشی رووندەکەینەوە لێکۆڵینەوەی ورد لەسەر ئەم تاوانە تیرۆریستییە دەستپێکردوە کە بەچاوساغی نۆکەرانی بێگانەو سیخوڕانی ناوخۆیی ئەنجام درا بێ سزا تێناپەڕێت و هەر لایەن و جاسوسێک هاوکاربووبیت رووبەڕووی سزاو یاساو ویژدانی نەتەوەکەمانی دەکەینەوەو تۆڵەی شەهیدەکانمان لە ئەستۆی ئێمەیە و ناهێڵین خوێنی گەشیان بەهەدەربڕوات.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی دژەتیرۆری کوردستان ئاماژەى بەوەشکردوە، لەبەر سەلامەتی ڕێڕەوی لێکۆڵینەوەکان زانیاریەکان بە شاراوەیی دەهێڵنە وەو لەداهاتوودا ڕاستتییەکان بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان ئاشکرا دەکەن.

ه.ح

Comments are closed.