ناوەندی هەواڵەکان
ئەحمەد قەرەمووس هاوسەرۆکی گشتی کەنەکە ڕایگەیاند، هێرشێکی بەمجۆرە لە ناو شاری هەولێردا تاوانێکی گەورەیە و ئاسایشی هەولێر لەم هێرشە بەرپرسیارە، ئاسایشی هەولێر لەبەر ئەوەی وێڕای هەموو ئەو هەڕەشانەی لەسەر کەنەکە هەیە و ئەمنییەتی نووسینگەی کەنەکەی نەپارستووە تاوانبارن.
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ١٨ـی ئەیلول، نزیک کاتژمێر ٠١:٣٠خولەک، لە شاری هەولێر، هێرشێکی چەکداریی کرایە سەر نووسینگەی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان کەنەکە و لە ئەنجامدا نوێنەری کەنەکە لە باشووری کوردستان بەناو “دەنیز جەواد بوولبن” شەهیدبوو.
لە بارەی ئەم هێرشەوە ئەحمەد قەرەمووس هاوسەرۆکی گشتیی کەنەکە، بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت و بانگەوازییەکی بە پەلە دەکات.
ئەحمەد قەرەمووس لە بارەی هێرشەکەوە ڕایگەیاند، کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان کە بۆ یەکڕیزیی کورد و دیپلۆماسی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی کورد لەهەرچوارپارچەی کوردستان کاردەکات، هێرشێکی بەمجۆرە لەسەرمان لە ناو شاری هەولێردا تاوانێکی گەورەیە و ئاسایشی هەولێر لەم هێرشە بەرپرسیارە، ئاسایشی هەولێر لەبەر ئەوەی وێڕای هەموو ئەو هەڕەشانەی لەسەر کەنەکە هەیە و ئەمنییەتی نووسینگەی کەنەکەی نەپارستووە تاوانبارن.
ئەوەشی ڕاگەیاند، ئێمە بانگەوازیی دەکەین لە هەموو پارت و ڕێکخراو و هێزە کوردییەکان بەتایبەتی لە باشووری کوردستان کە بێدەنگ نەبن و هەڵوێست دەرببڕن، چونکە کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان نە هێزێکە و نە پارتێکی سیاسییە، بەڵکو چەترێکە بۆ ٣٨ پارت و هێز و ڕێکخراوی کوردیی لە هەر چوارپارچەی کوردستان، بۆ یەکڕیزیی و یەکێتیی نەتەوەیی کورد تێدەکۆشێت، ئەو کەسەی کە ئەو هێرشەی ئەنجامداوە مومکین نییە بەبێ هاوکاری دەسەڵاتدارانی باشوور ئەو بوێرییەی کردبێت.
لە کۆتاییشدا جەختیکردەوە، بانگەوازیی لە ئەنجوومەنی وەزیران و سەرۆکی هەرێم دەکەن دەمودەست هەڵوێستی خۆیان لە دژی ئەم هێرشە دەرببڕن، نووسینگەی کەنەکە لەژێر چاودێری ئاسایشدایە و کامێرای چاودێریی هەیە، بۆیە دەبێت دەمودەست بکوژ دەستگیربکرێت و بە سزای خۆی بگەیەندرێت.
ب.گ
Comments are closed.