کەرکووک
لە کۆڕێکی ڕۆشنبیریدا کە لە شاری کەرکووک بەڕێوەچوو چەندین جۆر لە هەڵپەڕكێ و یارییە فۆلکلۆرە کوردییەکان، کە نەوەکانی ڕابردوو ئەنجامیانداوە، بۆ ئامادەبووان خرایەڕوو، کە بەشێکیان خەریکە بە تەواوی بیر دەچنەوە.
ئێوارەی ئەمڕۆ لە شاری کەرکووک، لە ساڵۆنی شەقامی جمووری، ئێوارە کۆڕێک بۆ نووسەر “شکوور ساڵەیی”ناسراو بە مەلا شکوور ڕێکخرا، کە بەشێک لە نووسەران و ڕۆشنبیرانی شارەکە ئامادەی بوون.
سەرەتا شکور ساڵەیی باسی لە جۆرەکانی هەڵپەڕکێ کە تایبەتن بە شاری کەرکووک، وەکوو شێخانی و هەوایی کە دەنگی دەهۆڵ و زوڕنا ئەنجام دەدرێت، هەروەها جیاوازی نێوان جۆرکانی دیکەی هەڵپەڕكێ لە بەشەکانی دیکەی کوردستان، کە بە هۆ دەوڵەمەندی فۆلکلۆرەوە هەر ناوچایەک خاوەنی هەڵپەڕکێ تایبەت و موزیک و تایبەت بە خۆیەتی بە هەمان شێوە هەر جۆرێکیش خاوەنی چیرۆکی خۆیەتی، واتا هیچیان لە خۆڕا و بێ مێژوو نین و دانەهێندراون.
لە بەشێکی دیکەی کۆڕەکەدا، ئاماژەی بە یارییە مناڵیەکانی نەوەکانی ڕابردوو کرد وەکوو هەلوکێن و دارەدارە، قۆچەقانێ یاری دامە و سێ ڕسکێن کە لە بنەمادا کوردیە، بەڵام ئێستا دەوڵەتی تورک هەوڵ دەدات وەکوو هەر شتێکی دیکە بیکات بە هی خۆی و ساڵانە خولی بۆ دەکرێتەوە، هەروەها نووسەرێکی ئیماراتی لە کتێبێکدا زیاتر لە ١٢٠ یاری دیکەی داهێناوە، کە خۆشی ئاماژەی پێکردووە کە بنەمای یارییە داهێندراوەکەی یاری دامەیە.
پاشان لە لایەن ئامادەبووان و کۆڕگێڕەوە گفتوگۆ، لە سەر سەرجەم یارییەکان و جۆرەکانی هەڵپەڕکێ کرایەوە، لە گفتوگۆکاندا جەخت لە سەر ئەوە کرایەوە، پێویستە ناوەندێک هەبێت بۆ پارستنی یاریە فۆلکلۆرەکان، هەروەها لە ناوەندەکانی خوێندن گرنگی پێ بدرێت وەکوو وانەیەک.
ب.ئ
Comments are closed.