مەکتەبی سیاسی یەنەکە: هێرشەکەی عەربەت پیلانێکە بۆ تێکدانی سلێمانى داڕێژراوە

ناوەندی هەواڵەکان

مەکتەبی سیاسی یەنەکە لەبارەى هێرشەکەى سەر فڕۆکەخانەى کشتوکاڵی عەربەت ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوەو دەڵێت:ئەم کردەوە پڕ لە تاوان و دوژمنکارییە سنور بەزاندنێکی لە ڕادەبەدەری هەرێمی کوردستانەو جێبەجێکردنی ئەو پیلانە دژ بە مرۆڤایەتیەیە کە بۆ تێکدانی ئارامی و ئاسایشی هەرێمی کوردستان بە گشتی و سنوری سلێمانی بە تایبەتی دارێژراوە .

لە ڕاگەیەنراوەکەدا مەکتەبی سیاسی یەنەکە دەڵێت: هێرشی دوژمنکارانەی سەر فرۆکەخانەی کشتوکاڵی عەربەت ، هێرشە بۆ سەر تێکرای هەرێمی کوردستان و بەشێک لە سنووری کۆماری عیراقی فیدرال.

هەروەها مەکتەبی سیاسی یەنەکە ئەوەشی خستەڕوو، کردەوە پڕ لە تاوان و دوژمنکاریەکەی ئیمرۆ بۆ سەر فڕۆکەخانەی کشتوکاڵیی عەربەت سنوور بەزاندنێکی لە ڕادەبەدەری هەرێمی کوردستانەو جێبەجێکردنی ئەو پیلانە دژ بە مرۆڤایەتیەیە کە بۆ تێکدانی ئارامی و ئاسایشی هەرێمی کوردستان بە گشتی و سنووری سلێمانی بە تایبەتی دارێژراوە .

مەکتەبی سیاسی یەنەکە وتیشی: ئێمە وێڕای ئیدانەی توندی ئەو تاوانە تەئکید لە پێویستیی یەک ڕیزی و یەکهەڵوێستی لایەنە کوردستانییەکان دەکەینەوە بۆ بەرەنگاری مەترسییەکانی سەر هەرێمەکەمان .

هەروەها مەکتەبی سیاسی یەنەکە جەختیش دەکاتەوە، ئەم جۆرە پەلاماردانە دوژمنکاریانەی سەر هەر بستێکی هەرێمی کوردستان بە پەلاماردان بۆ سەر بەشێکی جوگرافیای عیراقیش دەزانن، پەلاماردانی هەر یەکەیەکی هێزەکانی هەرێمی کوردستان کە لە پێکهاتەی هێزە چەکدارەکانی عێراق و لە دەستوری هەمیشەییدا بە ڕەسمی ناسێندرابێتن مانای پەلاماردانە بۆ سەر مەنزومەی ئەمنی و سەربازی عیراقیش.

مەکتەبی سیاسی یەنەکە داوا لە حکومەتی فیدرالی عیراق دەکاتەوە کە چیتر نابێت لە ئاست ئەم پەلاماردانە ترسنۆک و دوژمنکاریانەی داگیرکەراندا بێدەنگی هەڵبژێرن و دوژمنان بە وڵاتەکەمان خۆش بکەن.

هاوکات بۆ بەرپەرچدانەوەی سیاسیی و دیبلۆماسیانەو سەرکۆنەکردنی ئەم پەلامارانە داوا لە کۆمەڵگای نێودەولەتی و ناوەندە ئازادیخوازەکانی دونیا دەکات کە هاودەنگ بن لە گەیاندنی پەیامی ڕیسوا کردنی ئەم جۆرە تاوانانەو بکەرەکانیان کە بوونەتە هەڕەشە و مەترسیی بۆ سەر تێکڕای مرۆڤایەتی

لە کۆتاییدا مەکتەبی سیاسی یەنەکە وتی: هەر لێرەوە برسە و ماتەمینی خۆمان ئاراستەی خانەوادە و کەسوکاری شەهیدەکان دەکەین کە لە پێناوی بەرگری و پاراستنی ئارامی و ئۆقرەیی هەریمەکەماندا گیانیان بەخشی ، هیوای هەرچی زوو چاکبونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازین .

ه.ح

Comments are closed.