ناوەندی هەواڵەکان
حزبی شیوعی کوردستان هەردوو هێرشەکەى سەر فڕۆکەخانەى کشتوکاڵی عەربەت و تیرۆرکردنى ئەندامێکی کەنەکە لە نوێنەرایەتى کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان لە هەولێر ئیدانە دەکات و دەڵێت: دەستی غەدر لەهەر لایەکەوە بێت سەرکۆنەی دەکەین.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا حزبی شیوعی کوردستان ڕاگەیاندوە: ئێوارەی ئەمڕۆ ١٨ ی ئەیلولی ٢٠٢٣، فرۆکەخانەی کشتوکاڵی عەربەت هێزەکانی دژەتیرۆری لێبووە، لەلایەن نەیارانی گەلەکەمانەوە کەوتە بەر بۆردوومانی هەوایی، لەئەنجامی ئەم کردەوە دوژمنکارانەیەدا، ژمارەیەک پێشمەرگە شەهیدو بریندار بوون و زیانی مادی بەر بینای فڕۆکەخانەکە کەوتووە.
دەشڵێت: ئێمە لەحزبی شیوعی کوردستان وێرای سەرکۆنەکردنی ئەم دەستدرێژییە بۆ سەرخاکی نیشتمانەکەمان و شەهیدو بریندارکردنی ڕۆڵەکانی، هاوخەمی بۆ کەسوکارو هەڤاڵانی شەهیدەکان و هیوای چاکبوونەوەی خێرا بۆ بریندارەکان دەخوازین.
حزبی شیوعی کوردستان داوا دەکات هەرچی زووە سەرچاوەی ئەم تاوانە ئاشکرابکرێت و هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێم بێدەنگ نەبن لە هەوڵی ڕاگرتنی ئەم کارە دوژمنکارانانە کە پێشێلکارییەکی زەقی سەروەری نیشتمانییە.
لەبارەی کردەوە تیرۆرییەکەى سەر نوێنەرایەتى کەنەکەش لە هەولێر، حزبی شیوعی ئاماژەى بەوە کردووە، ئەمڕۆ لە هەولێر دەستی غەدر گەیشتە گیانی تێکۆشەرێکی کۆنگرەی نەتەوەیی، بەناوی ( دەنیز هێڤی )،بەرپرسی نووسینگەی هەرێم و لەکارێکی تیرۆریستیدا شەهیدکرا.
لەوبارەیەوە حزبی شیوعی دەڵێت: ئێمە لەحزبی شیوعی کوردستان، سەرکۆنەی ئەم کردەوە تیرۆریستییە دەکەین و هاوخەمی خۆمان بۆ کەسوکاری و هەڤاڵەکانی لە ( ک.ن.ک) ڕادەگەیەنین، داواکارین دەزگائەمنییەکان پەلە بکەن لە دۆزینەوەی تاوانبارو بەسزا گەیاندنی و ئاشکراکردنی دەستی پشت ئەمجۆرە تاوانانە.
ه.ح
Comments are closed.