ناسنامەی سێ شەهیدی هێرشەکەی عەربەت ئاشکرا کرا

ناوەندی هەواڵەکان

لە پاش هێرشە ئاسمانییەکەی سەر فڕۆکەخانەى کشتوکاڵی عەربەت دژەتیرۆری کوردستان ڕایگەیاند سێ ئەندامیان لەو هێرشەدا شەهید بووە بە ناوەکانی (هیوا قادر حسێن، ئیڤان عەدنان حسێن، ڕابەر ئەنوەر محەمەد) جەختیشیان کردەوە، “تۆڵەی شەهیدەکانمان لە ئەستۆی ئێمەیە و ناهێڵین خوێنی گەشیان بە هەدەر بڕوات.”

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، دووشەمە ١٨ـی ئەیلول ٢٠٢٣، فڕۆکەخانەی کشتوکاڵی عەربەت لە سنووری پارێزگای سلێمانی بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان کرایە ئامانج، کە تێیدا سێ پێشمەرگەی دژەتیرۆری کوردستان شەهیدبوون و سێ پێشمەرگەی تریش برینداربوون.

لە دوای ئەو هێرشە، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی دژەتیرۆری کوردستان، ڕایگەیاند، لێکۆڵینەوەی ورد لەسەر ئەم تاوانە تیرۆریستییە دەستپێکردووە کە بە چاوساغی نۆکەرانی بێگانە و سیخوڕانی ناوخۆیی ئەنجام دراوە، بە بێ سزا تێناپەڕێت، تۆڵەی شەهیدەکانمان لە ئەستۆی ئێمەیە و ناهێڵین خوێنی گەشیان بە هەدەر بڕوات.

لەو هێرشەدا سێ پێشمەرگەی دژەتیرۆر شەهیدبوون بە ناوەکانی (هیوا قادر حسێن کە خەڵکی شاری کەرکووکە، ئیڤان عەدنان حسێن ئەویش خەڵکی شاری کەرکووکە، ڕابەر ئەنوەر محەمەد کە خەڵکی شارۆچکەی ماوەتە ناوچەی شارباژێڕ)، وابڕیارە سبەی مەراسیمی بەخاکسپاردنیان بۆ ئەنجام بدرێت.

ب.گ

Comments are closed.