ناوەندی هەواڵەكان
وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق بڵاوی كردەوە، ئەو فڕۆكە بێفڕۆكەوانەی كە فڕۆكەخانەی كشتوكاڵی عەربەتی لە سلێمانی بۆردوومان كرد لە توركیاوە هاتووە، دەشڵێت: ئەم دەستدرێژییە پێشێلكردنی سەروەریی و ئاسایش و یەكپارچەیی خاكی عێراقە.
لیوا یەحیا رەسوڵ وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق سەبارەت بە بۆردوومانەكەی دوێنێی فڕۆكەخانەی كشتوكاڵی عەربەت ڕاگەیەندراوێكی بڵاو كردەوە.
لە ڕِاگەیاندراوەكەدا هاتووە، كاتژمێر ٥:٠٠ی ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ١٨ی ئەیلول فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوان لە دیوی سنووری توركیاوە هاتوەتە ناو خاكی عێراق و فڕۆكەخانەی كشتوكاڵی عەربەتی لە پارێزگای سلێمانی بۆردوومان كردووە و بەهۆیەوە سێ پاڵەوانی دەزگای دژەتیرۆر شەهیدبوون و سێ قارەمانی تر برینداربوون.
ئاماژەی بەوەش كردووە، ئەم دەستدرێژییە پێشێلكردنی سەروەریی و ئاسایش و یەكپارچەیی خاكی عێراقە و پێشێلكاریی و هەڕەشەیە بۆ سەر ئاشتی و ئاسایش لە ناوچەكە و جیهان و پێشێلكردنی بڕگەكانی یاسا نێودەوڵەتییەكان و بنەماكان و ئامانجەكانی جاڕنامەی نەتەوە یەكگرتووەكانە.
ڕوونیشی كردەوە، ئەم هێرشە دووبارەبووانە لەگەڵ بنەمای پەیوەندیی باشی دراوسێیەتی نێوان وڵاتان ناگونجێن و هەڕەشەن بۆ سەر هەوڵەكانی عێراق بۆ بنیاتنانی پەیوەندییەكی باش و هاوسەنگی سیاسیی و ئابووریی و ئەمنیی هاوسەنگ لەگەڵ دراوسێكانیدا.
لیوا یەحیا ڕەسوڵ لە كۆتاییدا دەڵێت: عێراق مافی خۆیەتی كۆتایی بەم پێشێلكارییانە بهێنێت.
پاشنیوەڕۆی دوێنێ دووشەممە فڕۆكەی بێفڕۆكەوان فڕۆكەخانەی كشتوكاڵی عەربەتی كردە ئامانج و بەهۆیەوە سێ پێشمەرگەی دژەتیرۆری كوردستان (CTG) گیانیان لەدەست دا و سێ پێشمەرگەی دیكەش برینداربوون.
هـ.ئ
Comments are closed.