عەمار حەكیم و خەز عەلی لە سەر هێرشەكەی فڕۆكەخانەی كشتوكاڵی عەربەت هاتنە دەنگ

ناوەندی هەواڵەكان

سەرۆكی ڕەوتی حیكمە و سەرۆكی گروپی عەسائیب ئەهلی حەق ئیدانەی هێرشەكەی سەر فڕۆكەخانەی كشتوكاڵی عەربەت لە پارێزگای سلێمانی دەكەن و دەڵێن: ئەم هێرشە پێشێلكردنی سەروەری عێراقە و داوای لێكۆڵینەوە دەكەن.

عەمار حەكیم
عەمار حەكیم

عەمار حەكیم سەرۆكی ڕەوتی حیكمە و سەرۆكی عەسائیب ئەهلی حەق سەبارەت بە بۆردوومانەكەی دوێنێی فڕۆكەخانەی كشتوكاڵی عەربەت هاتنە دەنگ و ڕاگەیاندراوییان بڵاو كردووەتەوە.

عەمار حەكیم لە ڕاگەیاندراوێكدا بڵاوی كردووەتەوە، ئیدانەی هێرشەكەی سەر فڕۆكەخانەی كشتوكاڵی عەربەت لە پارێزگای سلێمانی دەكەین، پێویستە بەپەلە لێكۆڵینەوە لە هۆكار و ئەنجامدەری ئەو هێرشە بكرێت، كە لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا كوژراو و برینداری لێكەوتەوە.

ئاماژەی بەوەش كردووە،  پێویستە حكومەت عێراق پاراستنی سەروەری و دەستەبەركردنی ئاسایش و سەقامگیریی وڵات بۆ هاووڵاتیيان دەستەبەر بكات.

لە كۆتایيشدا، سەرەخۆشی و هاوخەمی قووڵی خۆمان ئاڕاستەی خانەوادەی شەهیدەكانی ئەم ڕووداوە دەكەین، هیوای زوو چاك بوونەوە بۆ بریندارەكان دەخوازین.

قەیس خەز عەلی
قەیس خەز عەلی

هاوکات، قەیس خەز عەلی، سەرۆكی گروپی عەسائیبی ئەهلی حەق لە ڕاگەیاندراوێكدا بڵاوی كردەوە، لە سەر بۆردوومانكردنی فڕۆكەخانەی كشتوكاڵی عەربەت لە سلێمانی پێشێلكردنی ڕوونی سەروەریی خاكی عێراقە، دەشڵێت: سەروەریی عێراق و بەرگریكردن لێی، یەكێكە لەو بنەما جێگیرانەی كە سازشی لە سەر ناكرێت.

ئەوەشی خستە ڕوو، ئەوەی لە فڕۆكەخانەی عەربەت لە سلێمانی ڕوویدا، پێشێلكردنی ڕوونی سەروەریی عێراقە، دەبێت حكومەت و هێزە سیاسییەكان یەكڕیز بن بۆ ڕاگرتنی ئەو پێشێلكارییانە كە دووبارە دەبنەوە.

پاشنیوەڕۆی دوێنێ دووشەممە فڕۆكەی بێفڕۆكەوان فڕۆكەخانەی كشتوكاڵی عەربەتی كردە ئامانج و بەهۆیەوە سێ پێشمەرگەی دژەتیرۆری كوردستان (CTG) گیانیان لەدەست دا و سێ پێشمەرگەی دیكەش برینداربوون.

هـ.ئ

Comments are closed.