ناوەندی هەواڵەکان
مستەفا چاوڕەش سەرپەرشتیاری هێزەکانى ٧٠ لەبارەى هێرشەکەى سەر فرۆکەخانەى کشتوکاڵی عەربەت ڕایگەیاند: ئەو جۆرە هێرشانە لە خەباتی خۆمان ساردمان ناکاتەوە و دەبێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى هێرشەکان یەکگرتوو بین.
مستەفا چاوڕەش سەرپەرشتیاری هێزەکانى ٧٠ بە میدیاکانى یەنەکەی ڕاگەیاندووە: سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شەهیدەکان دەکەین و هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین، لێرەوە دەڵێین هێرشەکەى سەر فڕۆکەخانەى کشتوکاڵی عەربەت ساردمان ناکاتەوە لە خەباتی خۆمان بۆ میللەتەکەمان.
وتیشی: ئەوانەى ئەو هێرشانەیان ئەنجام دابێت غەدر لە میللەتەکەمان دەکەن، ئێمە میللەتێکین هەمیشە خەباتمان کردووە بۆ ئازادیی و ڕزگاریی، هەموو ئەو دەوڵەتانەى کە دوژمنمان بوون نەیانتوانیوە چۆکمان پێدا بدەن.
سەرپەرشتیاری هێزەکانى ٧٠ ئاماژەى بەوەش کرد، بۆ بەرەنگاربوونەوەى ئەو جۆرە هێرشانە پێویستە گەلی کورد یەکگرتوو بێت و لایەنە سیاسییەکان یەکڕیز و یەکگرتوو بن، بە تایبەت پارتى و یەکێتی، دەشڵێت: ئەگەر یەکگرتوو بین ئەو جۆرە شتانە ڕوو نادەن، ئەمە ئەنجامی ئەوەیە کە پەرتەوازەین هیوادارم چارەسەر بکرێت.
سەبارەت بە کردنە ئامانجی هێزەکانی دژە تیرۆر مستەفا چاوڕەش باسی لەوە کرد، هۆکاری بە ئامانجگرتنى دژە تیرۆر و پێشمەرگە کە جیاوازییان نییە و لە یەک سەنگەردان، لە دژی تیرۆرستانى داعش شەڕیان کردووە و ڕۆڵی پیرۆز و سەرەکییان هەبووە لە ڕیزی پێشەوەى دژی داعش.
لەبارەی بەردەوامبوونى ئەو جۆرە هێرشانە لە ناوچە جیاوازەکانى هەرێمی کوردستان و شەهیدکردنى نوێنەری کەنەکە لە هەولێر، بەرپرسە سەربازییەکەى یەنەکە وتی” دوژمن بەردەوام دەیەوێت زەرەرمان لێ بدات، ئێمەش دەبێت بەرامبەر ئەو هێرشانە یەکگرتوو بین.
ئەم وتانەى مستەفا چاوڕەش سەرپەرشتیاری هێزەکانى ٧٠ی یەنەکە لە کاتێکدایە کە دوێنێ سەر لە ئێوارە بە فرۆکەی بێ فڕۆکەوان هێرش کرایە سەر فڕۆکەخانەى کشتووکاڵی عەربەت و لە ئەنجامدا شەش کەس شەهید و بریندار بوون، هەر دوێنێ کاتژمێر ١:٣٠ دوانیوەڕۆ کەسێک هێرشی کردە سەر نوێنەرایەتى کەنەکە لە هەولێر دەنیز جەڤدەت نوێنەری کەنەکە لە هەرێمی کوردستان شەهید کرا.
هـ.ح
Comments are closed.