ناوەندى هەواڵەکان
جێگرى سەرۆکى کاربەڕێکەری هەرێمى کوردستان ڕایگەیاند، بۆ ھەموو لایەک ڕوونە کە ئامانج لەو کردەوە پڕ لە شەرمەزاریی و ترسنۆکانە تێکدانی ئاسایش و سەقامگیری ھەرێمی کوردستانە، دەشڵێت، ئەرکی سەرشانی لایەنە پەیوەندیدارەکانە لە حکومەتی ھەرێم و عێراقی فیدراڵ، کە شکۆ و سەروەریی خاک و نیشتیمان بپارێزن.
جەعفەر شێخ مستەفا، جێگیرى سەرۆکى کاربەڕێکەری هەرێمى کوردستان، ڕایگەیاند، بە توندی ئیدانەی کردەوەکەی دوێنێى فڕۆکەخانەی کشتوکاڵی عەربەت دەکەم و بۆ ھەموو لایەک ڕوونە، کە ئامانج لەو کردەوە پڕ لە شەرمەزاریی و ترسنۆکانە تێکدانی ئاسایش و سەقامگیریی ھەرێمی کوردستانە.
لە بەشێکى دیکەى ڕاگەیەندراوەکەیدا ئاماژەى بەوەش کردووە، ئەرکی سەرشانی لایەنە پەیوەندیدارەکانە لە حکومەتی ھەرێم و عێراقی فیدراڵ، کە شکۆ و سەروەریی خاک و نیشتیمان بپارێزن و ڕێگربن لە دووبارەبوونەوەی ئەم ھێرشە تیرۆریستیانەدا.
ئەوەش لە کاتێکدایە، دوانیوڕۆی دوێنێ فڕۆکەخانەی کشتوکاڵی عەربەت، کە دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی سلێمانییەوە بۆردوومان کراوە و بە هۆیەوە شەش کەس شەهید بوون و ژمارەیەکى دیکەش برینداربوون.
ئـ.م
Comments are closed.