شنگال
ئەندامانی تەڤگەری ئازادیی ژنانی ئێزدی- تاژێ، سەبارەت بە بەئامانجگرتنی فەرماندە و پێشەنگانی ئێزدی ئاماژە بەوە دەکەن، ئەوان بە هێرش و شەهیدکردن لاواز نابن، بە پێچەوانەوە بە هەزاران گەنجیان هەیە ئێزدخان بپارێزن و لەسەر ڕێگای شەهیدان بەردەوام بن.
دوانیوەڕۆی ١٧ی ئەیلول فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دەوڵەتی داگیرکەریی تورک، ئۆتۆمبێلێکی یەبەشەی لە سەردەشتی چیای شنگال بۆردوومان کرد و لە ئەنجامدا سێ فەرماندەی یەبەشە بە ناوەکانی، دیندار ئاڤێستا، پیران پیر و چیا فەقیر شەهید بوون، ژنانی شنگالیش عێراق بە بەرپرسیاری ئەم هێرشانە دەبینن.
سەبارەت بەو هێرشانە و بێدەنگی حکومەتی عێراق، ئەندامانی تەڤگەری ئازادیی ژنانی ئێزدی- تاژێ بۆ ڕۆژنیوز قسەیان کرد.

نازێ عەلی ئەندامی تاژێ وتی: لە سەرەتادا بە توندی ئیدانەی هێرشەکان دەکەم و سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شەهیدان دەکەم، عێراق خۆی بەرپرسیار نابینێت لە بەرامبەر پاراستنی گەلی ئێمەدا، ئەوەی ئێمەی پاراست و خاوەندارێتی لێ کردین گەنجانمان بوون، بۆ پاراستنی بیر و باوەڕی خۆیان فیداکارن و سەریان بۆ داگیرکاریی نەوی نەکردووە.
ئەو ئەندامەی تاژێ ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم هێرشە لە نزیک خاڵێکی سەربازی عێراق ڕوویداوە و هیچ هەڵوێستێکیشی نەبوو، بەڵام دەبێت عێراق بێدەنگ نەبێت، داوا لە ڕای گشتیش دەکەم بەرامبەر ئەم هێرشانەی کە هێزەکانی پاراستنمان دەکات بە ئامانج بێدەنگ نەبێت.
هەروەها نورێ شنگالی ئەندامێکی دیکەی تاژێیە و سەبارەت بە هەمان بابەت وتی: هێرشەکان بە هاوکاریی خیانەتکاران لە دژی هەڤاڵانی پاراستنی کۆمەڵگای ئێزدی ئەنجام دەدرێت، ئەگەر عێراق پشتگیریی نەکات ئەوا دەوڵەتی تورکیش ناتوانێت بە ئاسانی هێرش بکاتە سەر شنگال.

نورێ شنگالی وتیشی: بۆ ئەوەی ئێمە هێرشەکان پوچەڵ بکەینەوە پێویستە تێکۆشانمان فراوان بکەین و لەسەر ڕێگای شەهیدان بین، دەبێت ئەوە بزانرێت بە شەهیدکردنی ئەو فەرماندانە لاواز نابین، بە پێچەوانەوە زیاتر تێکۆشان دەکەین هەتا پێکهێنانی خەون و خەیاڵەکانی ئەوان ئێمە بەردەوام دەبین.
لە کۆتاییشدا نورێ دەڵێت: با دوژمن وا بیرنەکاتەوە بە ئامانجگرتنی فەرماندەکانمان هەنگاوەکانمان بۆ دواوە دەگەڕێینەوە، لە جێگای ئەوان بە هەزاران کچ و کوڕمان هەیە، ئامانجی بەدی دێنن.
ب. ق
Comments are closed.