چل ڕۆژە ڕژێمی ئێران ئاوی زێی بچووکی لە قەڵادزێ گرتووەتەوە

قەڵادزێ

لە ڕۆژی ١٣ـی مانگی ئابەوە، کە دەکاتە نزیەکەی ٤٠ ڕۆژ، کۆماری ئیسلامی ئێران ئاوی زێی بچوکی لە هەرێمی کوردستان گرتووەتەوە، جوتیارێکی زەرەرمەند لە قەڵادزێ دەڵێت: ئەگەر بەم جۆرە بەردەوام بێت کشتوکاڵەکەی هەمووی وشک دەکات، لێپرسراوی پرۆژەی ئاوی خاسیش دەڵێت: کۆگاکانی ئاو بەشی دابینکردنی تەنها یەک ڕۆژی شارۆچکەکەش ناکات.

گرتنەوەی ئاوی زێی بچووک لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە، زیانێکی زۆری بە سنووری شارۆچکەی قەڵادزێی سەر بە ئیدارەی ڕاپەڕین لە سنووری پارێزگای سلێمانی گەیاندووە ، ڕاستەوخۆ کاریگەریی کردووەتە سەر کەمبوونەوەی ئاوی خواردنەوەی دانیشتووانی شارۆچکەی پشدەر و کێشەی بۆ حەوزی ماسی، مەڕوماڵات و کشتوکاڵ لە سنوورەکە درووست کردووە، ڕژێمی ئێران ئەو ئاوەی کە پشکی هەرێمە لە ڕێگای تونێلێکی ٣٥ کیلۆمەترییەوە ئاوەکە دەباتەوە بۆ دەریاچەی ورمێ (بەحری خوێ).

پڕۆژەی ئاوی خاس لە شارۆچکەی قەڵادزێ یەكێكە لە پرۆژە گەورەكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، لە ٩٥٪ ئاوی شارۆچکەی قەڵادزێ کە ئاوی ٢١ گەڕەکە دابین دەکات، بە مەبەستی دابینکردنی ئاوی خواردنەوە سوود لە ئاوی زێی بچووك وەردەگرێت، بەڵام ساڵانە ئێران ئاوی زێی بچووک دەگرێتەوە و دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی ئاو و کێشە بۆ دابەشکردنی ئاوی ماڵان درووست دەکات.

سەبارەت بە گرتنەوەی ئاوی زێی بچوک لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە و زیانەکانی، چالاکوانێکی بواری ژینگە، لێپرسراوی پرۆژەی ئاوی خاس و جوتیاران لە شارۆچکەی قەڵادزێی سەر بە ئیدارەی ڕاپەڕین لە سنووری پارێزگای سلێمانی بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن.

ئیسماعیل خدر
ئیسماعیل خدر

ئیسماعیل خدر جوتیارێکی زەرەرمەندی سنوورەکە وتی: گرتنەوەی ئاوی زێی بچووک گرفتێکی زۆری درووست کردووە، چونکە بیرەکان لەسەر چۆمەکەن و لەوێوە ئاو وەردەگرن کە ئاوی چۆمەکە کەمیکرد ئاوی بیرەکانیش کەم دەکات، ئەمەش کاری کردووەتە سەر بەروبوومەکانمان و زۆر کەمی کردووە، چونکە بەم بێ ئاوییە نەمان توانیوە کشتوکاڵێکی زۆر بکەین، لەبەر ئەوەی ئێستا بەرەو زستان دەچین و باران دەبارێت، بە تەنها تور دەچێنم.

باسی لەوەشکرد، ئێستا بەری چۆمەکەم گرتووە بۆ ئەوەی کەمێک ئاستی ئاوی بیرەکەم زیاد بکات، ئەگەر بەم جۆرە بەردەوام ببێت کشتوکاڵەکەم هەموو وشک دەبێت، لە پێشووتردا پانتاییەکی زۆر زەویم دەکرد بە کشتوکاڵ بەڵام ئێستا تەنها دوو پارچەم کردووە لەبەر بێئاویی.

حاجی عومەر
حاجی عومەر

حاجی عومەر چالاکوانێکی بواری ژینگە، سەبارەت بە هەمان بابەت وتی: لە دوای تەواوبوونی بەنداوی کۆڵەسەوە کەم ئاوی گرفتێکی گەورەی بۆ سنوورەکە درووست کردووە، لە ڕووی زیانی ماددیی، ژینگەیی و لە ڕووی کشتووکاڵییەوە بە سەدان و هەزاران دۆنم زەوی و سەدان پڕۆژەی بەخێوکردنی ماسی مەترسی لەسەرە، گەورەترین مەترسیش پرۆژەی ئاوی خاسە، کە سەرچاوەکەی لە زێی بچوکەوەیە کە ئاوی خواردنەوەی شارۆچکەی قەڵادزێ دەستەبەر دەکات، هەر کاتێک ئاوی زێی بچووک کەم بووبێتەوە گرفت بۆ پڕۆژەی ئاوی خاسیش درووست بووە، بۆیە مەترسییەکان ساڵ بە ساڵ زیاتر دەبێت.

ئەندازیار مارف مەحموود، لێپرسراوی پرۆژەی ئاوی خاس سەبارەت بە گرتنەوەی ئاوەکە لەلایەن ئێرانەوە وتی: زیاتر لە مانگێکە ئاوی زێی بچووک گیراوەتەوە، ئەوەی هاونیشتیمانیان و ئێمەش پشتی پێ دەبەستین تەنها ئەو ئاوەیە کە لە باشووری کوردستانەوە دێت، توانیومانە لە ڕێگای ئیدارەدانێکی گونجاوەوە پرۆژەکەمان بخەینە گەڕ و هاوڵاتییان بێ ئاو نەکەین.

مارف مەحموود
مارف مەحموود

ئاماژەی بەوەشکرد، بە گوێرەی ئەو داتایانەی لە فەرمانگەی ئاوی قەڵادزێ دەستمان کەوتووە، ١٩هەزار ماڵ هەیە ئێستا لە شارۆچکەی قەڵادزێدا، نزیکەی ١٠٠ هەزار کەس هەیە لەم شارۆچکەیەدا کە لە ٩٥٪ ئەو هاوڵاتییانە لە ئاوی زێی بچوک ئاو وەردەگرێت، ئێمە وەکو کۆگاکانی خەزنکردنی ئاو توانای خەزنکردنی ٢٠ملیۆن لیتر ئاومان هەیە، بەڵام ناتوانین ئەو بڕە ئاوە بە تەواوی بدەین، قەڵادزێش ڕووبەرێکی زۆری هەیە و ئێمە ناتوانین بە کۆگاکانی ئاو تەنانەت ئاوی یەک ڕۆژی تەواوی شارۆچکەکە دابین بکەین، ئەگەر پرۆژەکە کار نەکات کۆگاکان بەشی تەنها یەک ڕۆژیش ناکات.

مارف مەحموود لە کۆتایی قسەکانیشدا وتی: پێویستە لەلایەن حکومەتی عێراق و ئێرانەوە گفتوگۆ لەسەر ئەم بابەتە بکرێت، هەروەها درووستکردنی بەنداوی دەڵگە هۆکارێکی باش دەبێت بۆ ئەوەی ئێمە لێرە کۆنترۆڵ لە ژێر دەستماندا بێت و ئەو ئاوە باراوانەوەی لە وەرزی زستاندا دەبارێت کۆی بکەینەوە و لە وەرزەکانی بێ ئاویدا کاری پێبکەین و ناوچەکە بێ ئاو نەبێت.

زێی بچووک یان زێی کەڵوێ، ڕووبارێکی کوردستانە و لە ڕۆژھەڵاتی کوردستانەوە سەرچاوە دەگرێت و بە باشووری کوردستاندا تێدەپەڕێت و دەڕژێتە ڕووباری دیجلەوە، درێژی زێی بچوک ٤٠٠ کیلۆمەترە و لە بەشێکیدا سنووری ئێران و عێراق دەستنیشان دەکات، لە باشووری کوردستانەوە بەنداوی دوکانی لەسەر درووست کراوە، دوای تێپەڕبوونی له بەنداوی دوکان، سنووری هەردوو پارێزگای هەولێر و کەرکووک دیاری دەکات و دەڕژێته دیجلەوە و لە کۆتاییدا تێکەڵی ئاوی کەنداو دەبێت.

هاوکات پڕۆژەی ئاوی خاس، لە ٩٥٪ ئاوی شارۆچکەی قەڵادزێ دابین دەکات، لە یەك کاتژمێردا توانای بەرهەمهێنانی دوو ھەزار و ٨٠٠ مەتر سێجا ئاوی خواردنەوەی هەیە و لە ئێستاشدا ڕۆژانە ٣١ هەزار مەتر سێجا ئاوی پاک، بۆ نزیكەی ٩٠ ھەزار مرۆڤ ئاو لە شاری قەڵادزێ دابین دەكات، هەروەها ٢١ گەڕەک لێی سودمەند دەبێت و کاریگەری ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر ئاوی بەنداوی دوکانیش.

ب.گ

Comments are closed.