نەتەوە یەکگرتووەکان: دەبێت پێشێلكارییەكانی سەر سەروەری عێراق ڕابگیرێن

ناوەندی هەواڵەكان

نوێنەرایەتی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ هاوكاری عێراق (یونامی) بڵاوی كردەوە، ئیدانەی بۆردوومانەكەی دوێنێ فڕۆكەخانەی كشتوكاڵی عەربەت لە سلێمانی دەكەین، ئەو هێرشانەش پێشێلكاریی سەروەریی عێراقە و دەبێت ڕابگیرێن.

نوێنەرایەتی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ هاوكاری عێراق (یونامی) سەبارەت بە بۆردوومانەكەی دوێنێ فڕۆكەخانەی كشتوكاڵی عەربەت لە سلێمانی ڕاگەیاندراوێكی بڵاو كردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە، ئیدانەی بۆردوومانەكەی دوێنێ فڕۆكەخانەی كشتوكاڵی عەربەت لە سلێمانی دەكەین، كە بەهۆیەوە ژمارەیەك قوربانی لێكەوتەوە، پێویستە كێشە ئەمنییەكان لە ڕێگەی دیالۆگ و دیپلۆماسییەوە چارەسەر بكرێت، نەك لە ڕێگەی هێرشەوە.

ئاماژە بەوەش كراوە، ئەو هێرشە دووبارەبووانە چەندین جار سەروەری عێراقییان پێشێل كردووە، بۆیە پێویستە ئەو پێشێلكاییانە بووەستێنرێن.

پاشنیوەڕۆی دوێنێ دووشەممە فڕۆكەی بێفڕۆكەوان فڕۆكەخانەی كشتوكاڵی عەربەتی كردە ئامانج و بەهۆیەوە سێ کارمەندی دژەتیرۆری كوردستان (CTG) گیانیان لەدەست دا و سێ پێشمەرگەی دیكەش برینداربوون.

هـ.ئ

Comments are closed.