ناوەندی هەواڵەكان
سەرۆكی هاوپەیمانی سەركەوتن بڵاوی كردەوە، ئیدانەی دەستدرێژییەكانی توركیا بۆ سەر فڕۆكەخانەی كشتوكاڵی عەرەبەت لە پارێزگای سلێمانی دەكەین، دەشڵێت: توركیا بە بیانووی جۆراوجۆر بەردەوامە لە كردەوە شەڕانگێزەكانی بەرامبەر عێراق، پێویستە عێراقیش مامەڵە ئەمنی و سیاسی و ئابوورییەكانی لەگەڵ توركیا بگۆڕێت.
حەیدەر عەبای سەرۆكی هاوپەیمانی سەركەوتن لەبارەی هێرشەكەی سەر فڕۆكەخانەی كشتوكاڵی عەرەبەت لە پارێزگای سلێمانی ڕاگەیاندراوێكی بڵاو كردەوە.
لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە، ئیدانەی دەستدرێژییەكانی توركیا بۆ سەر فڕۆكەخانەی كشتوكاڵی عەرەبەت لە پارێزگای سلێمانی دەكەین، توركیا بە بیانووی جۆراوجۆر بەردەوامە لە كردەوە شەڕانگێزەكانی بەرامبەر عێراق، تا ئێستاش وەڵامێكی كاریگەر بۆ دەستدرێژی كردنە سەر سەروەری عێراقی نەبووە.
ئاماژە بەوەش كراوە، درێژەدان بە بێدەنگی شەرمەزارییە، ئەگەر هاوپەیمانی لەگەڵ دەستدرێژییە بەردەوامەكانی توركیا بەردەوام بێت، خیانەتە، هەروەها توركیا وڵاتێكی داگیركەرە لە عێراقدا، دەیان بنكەی سەربازیی لە قوڵایی خاكی عێراقدا هەیە، ئەمە جگە لە بەردەوامی پێشێلكردنی سەروەری و دەستوەردانەكانی لە كاروباری ناوخۆی عێراق، ئەمەش پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەكانە.
ئەوەش خراوەتە ڕوو، عێراق چەند بژاردەیەكی لە بەردەمدایە بۆ ئەوەی بە توندی مامەڵە لەگەڵ توركیادا بكات، ئەگەر نیشتمان بەهای هەبێت، پێویستە عێراق یاساكانی یارییەكە لەگەڵ توركیا بگۆڕین لەسەر ئاستی ئەمنی و سیاسی و ئابووری بۆ ئەوەی سەروەرییەكەی پێشێل نەكرێ، ئەمە تاقیكردنەوەیەكی جدییە بۆ ئەوانەی بەرپرسن لە دەوڵەت لەم ساتەوەختە مێژووییەدا.
پاشنیوەڕۆی دوێنێ دوشەممە فڕۆكەی بێفڕۆكەوان فڕۆكەخانەی كشتوكاڵی عەربەتی كردە ئامانج و بەهۆیەوە سێ كارمەندی دژەتیرۆری كوردستان (CTG) گیانیان لەدەست دا و سێ پێشمەرگەی دیكەش برینداربوون.
هـ.ئ
Comments are closed.