پەدەكە دەرگای بۆ هاتنە ناوەوەی هێزەكانی تورك كردووەتەوە و بەغداش بێ دەنگیی هەڵبژاردووە

ناوەندی هەواڵەكان

پەدەكە درێژە بە خیانەتەكانی پێشووی دەدات، دەستی كردووە بە هاوكاری سوپای دەوڵەتی داگیركەریی تورك بۆ كۆنترۆڵكردنی ناوچە سنوورییەكان و چۆڵكردنی گوندەكان لەلایەن دانیشتووانەكەی، چونكە پەدەكە و هێزە داگیركەرەكانی تورك پلانیان كۆنترۆڵكردنی ناوچەكانی برادۆستە.

سیاسەتمەمەداران و شارەزایان سەربازی عێراق سەبارەت بە پەیوەندییەكانی نێوان پەدەكە و دەوڵەتی داگیركەریی تورك، هاوكارییەكانی پەدەكە بۆ هاتنە ناوەوەی هێزەكانی دەوڵەتی داگیركەریی تورك بۆ هەرێمی كوردستان، بۆ ئاژانسی ڕۆژنیوز دەدوێن.

كازم حەج
كازم حەج

كازم حەج، شرۆڤەكاری سیاسی ڕایگەیاند، بێ گومان لە نێوان پەدەكە و توركیا پەیوەندییەكی بەهێز هەیە، هەر لەبەر ئەو پەیوەندییانەیە پەدەكە ئاسانكاری بۆ چوونە ژوورەوەی هێزەكانی توركیا بۆ هەندێك ناوچەی سنووری عێراق دەكات.

ئاماژەی بەوەش كرد، دەبێت حكومەت گرنگییەكی زۆر بە دۆسیەی بوونی توركیا لەناو خاكی عێراقدا بدات، چونكە بوونی ئەو هێزانە نایاساییە، كە بووەتە هۆكاری ئاوارەبوونی زۆرێك لە هاوڵاتی گوندەكانی سەر سنوور، دەبێت گرنگی بەم دۆسییەیە بدرێت، چونكە ئەو ناوچانە لە چوارچێوەی سنوور عێراق دایە.

دەشڵێت: پێویستە بەغدا لەگەڵ هەولێر گفتوگۆ بكات، بۆ ئەوەی چیتر نەتوانرێت هیچ ئاسانكارییەك بۆ هاتنە ناوەوەی هێزەكانی دەوڵەتی داگیركەر تورك لە قوڵایی عێراقدا بكرێت، ئەم ئاسانكارییانە بۆ هاتنە ناوەوەی هێزەكانی تورك هێزی سەربازی بیانی بەبێ ڕەزامەندی و ئاگاداری حكومەتی عێراق. خیانەتە لە وڵات.

موئەیەد جوحيشی
موئەیەد جوحيشی

موئەیەد جوحيشی، شارەزا لە كاروباری سەربازی بە ڕۆژنیوز ڕاگەیاند، بە دڵنیاییەوە بوونی سەربازی توركیا لە ناو خاكی عێراقدا پێشێلكردنی سەروەری عێراقە و هەڕەشە لە ئاسایشی نەتەوەیی وڵات دەكات، عێراق مافی خۆیەتی هەنگاو بنێت بەرەو كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە مەبەستی كۆتایی هێنان بە بوونی سەربازی توركیا لەناو خاكەكەیدا، بەڵام ڕاشكاوانە بڵێم عێراق لەم ڕووەوە جوڵە ناكات بەهۆی ڕێزگرتنی سیاسی لە توركیا.

دەشڵێت: پەنابردنی عێراق بۆ بژاردەی سەربازی بۆ دوورخستنەوەی هێزەكان سوپای توركیا بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەكان مافی خۆیەتی، چونكە ئەو هێزانە لە چوارچێوەی سنوورەكانی عێراقدان بەبێ ڕەزامەندی و ئاگاداری بەغدا.

محەمەد سەیهود، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند، ئەو هێزانەی توركیا كە لە ناو خاكی عێراقدا بوونیان هەیە هێزی داگیركەرن و بە شێوەیەكی نایاسایی هەن، ئەمەش بە فەرمی لەلایەن عێراقەوە ڕەت كراوەتەوە، دەشڵێت: لەلایەن پەدەكەوە هاوبەشی بۆ هاتنە ناوەوەی سوپای توركیا بۆ عێراق هەیە، ئەم بابەتە پێشێلكردنی دەستورە، دەبێت لەلایەن حكومەتی فیدراڵیەوە چارەسەری بكرێت.

محەمەد سەیهود
محەمەد سەیهود

ڕوونیشی كردەوە، بوونی هێزەكانی دەوڵەتی تورك لە عێراق بە مانای داگیركردنی وڵاتە، بە دڵنیاییەوە داگیركەر دەیەوێت ململانێ و ئاژاوە لە ناوخۆدا درووست بكات، بۆ ئەوەی ئەجێندا سیاسییەكان بە دەست بهێنێت، وەكو كۆنترۆڵكردنی گوند و شارەكان و ئاوارەكردنی هاووڵاتیان بۆ سەپاندنی كۆنتڕۆڵی تەواو خۆی بەسەر هەندێك گوندی سنووریدا.

بە پێی بەشێك لە سەرچاوەكانی ناوچەی برادۆست، كە بە ڕۆژنیوزیان ڕاگەیاندووە، پەدەكە بە هاوكاری لەگەڵ دەوڵەتی داگیركەریی تورك دەستی بە یارییەكی گڵاو كردووە لە ناوچەكە، بە ئامانجی داگیركردنی خاكی هەرێم و دابەشكردنی وڵات، هەروەها ئامانجیان چۆڵكردنی هەندێك ناوچەیە لە برادۆست بۆ ئەوەی لە ژێر جلوبەرگی پاسەوانی سنووری عێراقەوە هێرش بكەنە سەر گەریلا.

جێگای سەرنجە، بنكە سەربازییەكانی دەوڵەتی داگیركەری تورك لە ناوچەكانی: بامەڕنێ، شیلادزی، باتۆڤا، كانی ماسی، كیریبز، سنكی، سێری، كۆپكی، كومری، كۆخی سپی، سێری زیر، زاخۆ، ئامێدی و بەشیقە بڵاو بوونەتەوە.

 هـ.ئ

Comments are closed.