سۆران
لە شارەدێی هیران و نازەنینی سەر بە شارۆچکەی شەقڵاوە گوندنشینان لە ڕەزی ئەمساڵ دۆشاوی ترێ درووست دەکەن و بەرهەمە خۆماڵییەکان، بۆ وەرزی زستان کۆ دەکەنەوە.
لە باشووری کوردستان ساڵانە لە کۆتایی مانگی ئابەوە وەرزی پێگەیشتنی ڕەزی ترێ دەستپێدەکات و هاوڵاتییان، بەروبوومەکانیان کۆ دەکەنەوە، لە سەرەتای هاتنی وەرزی پایزدا بەشێک لە بەرهەمەکانیان دەکوڵێنن و دۆشاوی ترێی لێ بەرهەمدەهێنن و هەڵیدەگرن بۆ وەرزی زستان.
زولێخا حەمەدەمین و بەهجەت عەلی هاوسەری یەکترن و خەڵکی شارەدێی هیرانن، ساڵانە و لە وەرزی پایزدا بە یەکەوە دەست دەکەن بە کۆکردنەوەی بەروبوومی هاوینە و زەخیرەی زستانی پێ دەوڵەمەند دەکەن.
ئەوان لەناو باخەکەیان چەند جۆرێکی ڕەزی ترێیان هەیە و سەرقاڵی درووستکردنی دۆشاوی ترێن لێی، کە یەکێکە لە بەرهەمە خۆش و بەتامەکان بۆ وەرزی زستان، لە کۆنیشدا وەک دەرمان بۆ چەندین نەخۆشی بەکارهاتووە.
ئەم دوو هاوسەرە کارەکە پێکەوە ئەنجام دەدەن، سەرەتا ترێ لێ دەکەنەوە و دواتر دەیشۆنەوە و دەیخەنە ناو گوێنییەوە، ئینجا دەیخەنە ناو کۆلێکی تایبەت، مام بەهجەت بە جزمەیەکی خاوێن دەچێتە ناو کۆلەکە و بە هەردوو قاچەکانی ترێیەکە دەشێلێت و لە خوارەوەش تەشتێک دانراوە بۆ ئەوەی ئاوی ترێیەکە بچێتە ناوی.
زولێخا ئاوی ترێیەکە بە پەڕۆیەک دەپاڵێوێت و دەیخاتە ناو سەتڵێکەوە، لەناو گوێنییەکی تایبەت هەندێ خۆڵی تێ دەکات و دەیخەنە ناو مەنجەڵێکی گەورەوە، مام بەهجەت ئاگرێکی گەورە دەکاتەوە و مەنجەڵی دۆشاوەکەی دەخاتە سەر، ماوەی هەشت بۆ ١٠ کاتژمێر بە دیار دۆشاوەکەوە دادەنیشن تا ئامادە دەبێت.
دۆشاوی ترێ لە شەربەتی ترێی تازە درووست دەکرێت، دوای ئەوەی ناوکەکەی دەردەهێنن و توێکڵەکەی لێ دەکەنەوە و دواتر لەسەر ئاگر دەیکوڵێنن تاوەکو دەبێتە شیلە.
لە کۆتاییدا دۆشاوەکە دەخەنە ناو دەبەی تایبەت و دابەشی دەکەن بەسەر خزم و کەسوکاریان و بەشێکیشی بۆ خۆیان هەڵدەگرن، ئەگەر لێیان زیاد بوو دەیخەنە بازاڕیش و دەیفرۆشن، کارێکی پڕ ماندووبوونە و زەحمەتی دەوێت، بەڵام دواجار بەرهەمێکی تایبەتی لێ دەردەچێت.
بە پێی زانیارییە تەندرووستییەکان دۆشاوی ترێ کۆمەڵێکی زۆر ڤیتامین و کانزای تێدایە، لێکۆڵینەوە تەندرووستییەکان دەریانخستووە بە گشتیی سوودی بۆ تەندرووستی هەیە، ڕێژەیەکی زۆر پۆتاسیۆم و ئاسنی تێدایە ، هەروەها دژە ئۆکسانێکی زۆریشی تێدایە.
خواردنی دۆشاوی ترێ سوودی بۆ بەهێزکردنی ئێسکەکان و ددان هەیە ، هەروەها جوڵەی ڕێخۆڵەکان ڕێکدەخات و پەستانی خوێنیش کەم دەکاتەوە، پارێزگاریی لە کەم خوێنی دەکات و خەمۆکی و دڵەڕاوکێش کەم دەکاتەوە ، هەروەها لە ژناندا نیشانەکانی پێش کەوتنە ناو سوڕی مانگانە کەم دەکاتەوە.
ب.گ
Comments are closed.