ناوەندی هەواڵەكان
دەزگای هەواڵگری عێراق بڵاوی كردەوە، ئەمڕۆ لە ئۆپەراسیۆنێكی هێزەكانیاندا لە پارێزگای سەڵاحەدین توانیویانە هەشت چەتەی داعش دەستگیر بكەن، یەكێك لەو چەتانە فەتوای كوشتنی هاوڵاتییانی مەدەنی داوە.
دەزگای هەواڵگری عێراق لەبارەی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێكی سەربازی لە پارێزگای سەڵاحەدین و دەستگیركردنی چەند چەتەیەكی داعش ڕاگەیاندراوێكی بڵاو كردەوە.
لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە، دوای وەرگرتنی زانیاری ورد و وەرگرتنی فەرمانی دادگا، ئەمڕۆ ئۆپەراسیۆنێكی سەربازیمان لە پارێزگای سەڵاحەدین ئەنجامدا، لە ئۆپەراسیۆنەدا هێزەكانمان توانیوویانە هەشت چەتەی داعش دەستگیر بكەن.
ئاماژە بەوەش كراوە، ئەو هەشت كەسە دانیان بە ئەندامێتی خۆیان لە گروپی چەتەكانی داعشدا ناوە، كە بەشدارییان لە چەندین تاواندا كردووە، یەكێك لەوانە فەتوای كوشتنی كەسانی بێتاوانیان داوە، هەندێكی دیكەش بەشدارییان لە ئۆپەراسیۆنەكانی چەتەكان كردووە، كە بارەگا سەربازییەكانی كردۆتە ئامانج.
ئەوەش خراوەتە ڕوو، چەتەكانی دیكە، بەشدارییان لە بۆردوومان و هێرشكردنە سەر ماڵی هاوڵاتییان و بەرپرسە ئەمنییەكان كردووە.
لە كۆتایی ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە، ئەو هەشت چەتەیەی داعش بەپێی ماددەی ٤ی تیرۆر دەستگیراون و ڕەوانەی لایەنە پەیوەندیدارەكان و دادگا كراون، بۆ ئەوەی سزای دادپەروەرانەی خۆیان وەربگرن.
جێگەی ئاماژەیە، لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا فڕۆكە جەنگییەكانی عێراق لە سنووری پارێزگای سەڵاحەدین بۆردوومانی مۆڵگەی چەتەكانی داعشیان كرد.
هـ.ئ
Comments are closed.