ناوەندی هەواڵەکان
ئەمڕۆ ٣١ ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر تیرۆرکردنی، سیاسەتمەدار، نووسەر، ڕۆژنامەنووس و یەکێک لەو پێشەنگانەی کە خەتوخاڵی ڕۆژنامەگەریی نوێی کوردیی کێشا لە باکووری کوردستان، مووسا عەنتەر، ئەو ڕۆشنبیرە کوردەی دەوڵەت لە فیکەکەشی دەترسا.
ئاپێ مووسا کێ بوو؟
مووسا عەنتەر ناسراو بە ئاپێ مووسا، لە ساڵی ١٩٢٠ لە گوندی “زڤنگێ” سەر بە شارۆچکەی “نوسێبین” لە پارێزگای مێردینی باکووری کوردستان لە دایکبووە، لە ٢٠ـی ئەیلوولی ١٩٩٢، لە تەمەنی ٧٢ ساڵیدا، لە گەڕەکی سەیرانتەپەی ئامەد لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە تیرۆرکرا.
ئاپێ مووسا لە پەنجاکانی سەدەی ڕابردووەوە دەستی بە نووسین بە کوردیی کرد و هەوڵیدا ئێش و ئازارەکانی گەلی کورد بخاتە سەر پەڕەکان و بە جیهانی بناسێنێت، چەندین جار دەستگیر کرا، ئەشکەنجەدرا و هەڕەشەی لێکرا، بەڵام بۆ ساتێکیش ئامادە نەبوو دەست لە خەبات و تێکۆشانی ڕووناکبیرانەی بەربدات.
لە سەرەتای دەستپێکی کاروانی تێکۆشانیدا، لەگەڵ ژمارەیەک هاوڕێی کۆمەڵەی هێڤی و ڕێکخراوێکیش بە ناوی “کۆمەڵەی خوێندکاران” دادەمەزرێنێت.
ساڵی ١٩٤٨ “کۆمەڵەی فورات”ـی دامەزراند و دەستی بە بڵاوکردنەوەی ڕۆژنامەی دیجلە کرد، هەر لەو ساڵەدا دەچێتە شاری ئامەد و لەوێ کۆمەڵەیەک بە ناوی “وڵاتی پێشکەوتوو” درووست دەکات، ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی بۆ یەکەمجار دەستگیر بکرێت و چەند مانگێک لە زیندان بمێنێتەوە و دواتر ئازاد دەکرێت.
پاشان لە ژمارەیەکی زۆر گۆڤار و ڕۆژنامەدا بە شێوەیەکی چالاک دەست بە نووسین لەبارەی وێژە و مێژووی کورد دەکات، نووسینەکانی لە ڕۆژنامەی وەک “وڵات، ڕای ئازاد، وڵاتی ئازاد” بڵاو دەبنەوە و خەباتێکی زۆر گەورەی لە ڕووی مێژوو، وێژە و ڕێزمانی کوردیی ئەنجامدا.
لە زینداندا یەکەم پەرتووکی دەنووسێت
ساڵی ١٩٤٩ دەستگیر دەکرێت و شەش مانگ لە زینداندا دەمێنێتەوە، بەڵام زیندان نەک نەیتوانی لە خەباتەکەی پاشگەزی بکاتەوە، بەڵکوو یەکەم پەرتووکی خۆی بە ناوی “برینی ڕەش” لە زینداندا نووسی، هەروەها بناغەی فەرهەنگێکی کوردیی دانا، کە لە شەش هەزار وشە پێک دێت.
لە ساڵی ١٩٧١ دەگەڕێتەوە کوردستان و لە ئامەد لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیر دەکرێتەوە، دادگا چوار ساڵ زیندانی بەسەردا دەسەپێنێت.
لە یەکێک لە دادگاییەکانی ئاپێ موسا عەنتەردا، دادوەر زۆر گوشار بۆ موسا عەنتەر دەهێنێت و دەیەوێت پێی بسەلمێنێت، کە ئەو کەوتووەتە هەڵەوە و باشترە لە تێڕوانینەکانی لەسەر کورد و تورکیا پەشیمان ببێتەوە، دەڵێت: مووسا بەگ تۆ سواری گای هار بوویت!
ئاپێ موسا ڕوو دەکاتە دادوەرەکە و پێیدەڵێت: قوربان ئەو تورکیایەی تۆ باسی دەکەیت وەک منداڵێکی ئیفلیجە، کە چاوی نابینێت، نابیستێت و ناتوانێت قسە بکات، هەرچی نەخۆشی هەیە تێیدایە، چارەسەری نییە، وەرن با تورکیایەکی نوێ بنیات بنێین کە هەموومان تێیدا مرۆڤ بین، بەڵام هەر کەسەمان وەک خۆی تێیدا مرۆڤ بێت، من وەک کورد و تۆیش وەک تورک.
ئەوەی نامۆ بوو دەوڵەت لە دەنگی فیکەکەی ئاپێ مووسا دەترسا و تەنانەت جارێکیش بە تۆمەتی “فیکەلێدان بە کوردی” دەستگیر دەکرێت و دەبرێتە دادگا.
دەوڵەتی تورک ویستی بە تیرۆر کردنی ئاپێ مووسا دەنگی کورد کپ بکات
ساڵی ١٩٩٢ هەڵمەتێکی مەترسیداری فراوان لە لایەن دەوڵەتی تورکەوە بە پێشەنگایەتی “تانسو چیلەر” سەرۆک وەزیرانی ئەو کاتەی تورکیا بەرامبەر وڵاتپارێز، نووسەر و کەسایەتییە دیارەکانی کورد لە باکووری کوردستان دەستپێکرد.
لە ئەنجامدا نزیکەی ١٧ هەزار کەسایەتی کورد لە لایەن گرووپێک بە ناوی “حزبوڵا” و میتی تورکەوە تیرۆر کران و ژمارەیەکیشیان بێسەروشوێنن، مووساش یەکێک بوو لەوانەی پلانی تیرۆرکردنی دانرابوو.
بە تیرۆرکردنی ئاپێ مووسا دەوڵەتی تورک هەوڵی بێدەگکردن و کپکردنی ڕۆژنامەگەریی کوردی و ڕامانی ئازادیی کورد و کوردایەتی دا، بەڵام خەباتی چەندین ساڵەی مووسا بە هەزاران خوێندکاری کوردی دوای خۆی بە جێهیشت تا ئێستاش هەموو کەس ناوی “ئاپێ مووسا”یان لە دڵیاندا هەڵگرتووە.
دۆسییەی تیرۆر کردنەکەشی لە دادگاکانی دەوڵەتی تورکدا بە کراوەیی مایەوە، بەڵام لە ڕۆژی ٢١ـی ئەیلوولی ٢٠٢٢، لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا، ١٢مین دانیشتنی دادگای سزا قورسەکانی ئەنقەرەدا، بە پاساویی تێپەڕبوونی ٣٠ ساڵ بەسەر دۆسییەکەیدا دەستەی دادوەران لە کۆتایی دانیشتنەکەدا بڕیاری هەڵوەشاندنەوە و داخستنی دۆسیەکەیان دا.
ش.ئـ
Comments are closed.