ناوەندی هەواڵەكان
بەرپرسی تەندرووستی گشتی لە دەستەی باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەكگرتووەكان ڕایگەیاند: لە مانگی ئایاری ئەمساڵەوە نزیكەی هەزار و ٢٠٠ منداڵ بەهۆی نەخۆشی سورێژە و بەدخۆراكییەوە لە نۆ كامپی پەنابەرانی سوودان گیانیان لەدەستداوە.
ئالان مینا، بەرپرسی تەندرووستی گشتیی لە دەستەی باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەكگرتووەكان سەبارەت بە ژمارەی گیان لەدەستدانی منداڵانی سوودان بەهۆی نەخۆشی سورێژە و بەدخۆراكییەوە بەیاننامەیەكی بڵاو كردەوە.
لە بەیاننامەكەدا هاتووە، لە نێوان ١٥ی ئایار تا ١٤ی ئەیلولی ئەمساڵ نزیكەی هەزار و ٢٠٠ منداڵ بەهۆی نەخۆشی سورێژە و بەدخۆراكییەوە لە نۆ كامپی پەنابەرانی سوودان گیانیان لەدەستداوە، ڕەنگە تا كۆتایی ئەمساڵ دەیان هەزار منداڵی دیكە لە كامپەكانی پەنابەران لە سوودان گیان لەدەست بدەن.
یونیسێف بڵاوی كردووەتەوە، ٢٥٠٠ پێشێلكاری مافەكانی منداڵانییان تۆمار كردووە، هەروەها یەك ملیۆن و ٩٠٠ هەزار منداڵ لە ناوخۆی سوودان ئاوارەبوون.
ئاماژە بەوەش كراوە، لە سوودان منداڵان زۆرترین زیانیان بەركەوتووە بەهۆی ئەو شەڕەوە كە لە ناوەڕاستی مانگی نیسانەوە لە نێوان سووپای سوودان و هێزەكانی پشتیوانی خێرادا هەڵگیرساوە، كە بە هەزاران كەس بوونەتە قوربانی و ئاوارەبوون.
هـ.ئ
Comments are closed.