ژمارەیەک شۆفێری بارهەڵگر لە پاڵاوگەی دووكان گردبوونەوە و ڕێگای پاڵاوگەكەیان داخست

دووکان

ئەمڕۆ شۆفێرى زیاتر لە ٧٠ ئۆتۆمبێلى بارهەڵگر لە پاڵاوگەی دووكان گردبوونەوە و ڕێگای پاڵاوگەكەیان داخست، وەک خۆیان دەڵێن: ئێمە گرێبەستمان لەگەڵ كۆمپانیای قەیوان كردووە بۆ گواستنەوەی سوتەمەنی لە پاڵاوگەی دووكان بۆ دەرەوە، بەڵام لەلایەن خەڵكی گوندی تەلان ڕێگامان لێ دەگیرێت.

ئەمڕۆ شۆفێرى زیاتر لە ٧٠ ئۆتۆمبێلى بارهەڵگر لە پاڵاوگەی دووكان گردبوونەوە و ڕێگای پاڵاوگەكەیان داخست.

پێشەوا حەسەن
پێشەوا حەسەن

لەو بارەوە، پێشەوا حەسەن، کە شۆفێری بارهەڵگرە بە ڕۆژنیوزى وت: ئێمە ٧٠ شۆفێری بارهەڵگرین و خەڵكی سنووری پیرەمەگروون و دووكانین و گرێبەستمان لەگەڵ كۆمپانیای قەیوان كردووە بۆ گواستنەوەی سوتەمەنی لە پاڵاوگەی دووكان بۆ دەرەوە.

ئاماژەى بەوەش کرد، ئێستا لەلایەن خەڵكی گوندی تەلان ڕێگامان لێ دەگیرێت و داوای ٢٠ هەزار دینارمان لێ دەكەن بۆ هەر تەنكەرێك، كە ئەمەش بۆ ئێمە زۆرە و ناتوانین بیدەین، چونكە من شۆفێرم ئۆتۆمۆبێلەكە هی خۆم نییە، خاوەن شۆفێرەكە وتوویەتی دەبێت لە  كرێی خۆت بیدەی لە كاتێدا من هەر سەفەرێك بە ٣٥ هەزار دینار دەكەم گەر بیستی بدەم بە گوندی تەلان هیچم بۆ نامێنێتەوە.

ئەو شۆفێرە باسى لەوەش کرد، خۆم نەخۆشی شێرپەنجەم هەیە بەردەوام دەرزی كیمیایی لە خۆم دەدەم، بۆیە ماوەی ٢٠ ڕۆژە بێ ئیش بووم، چونكە ئۆتۆمبێلەكەم داوەتەوە خاوەنى و ناتوانم لەبەر ئەو پارەی هاوڵاتیانى گوندی تەلان دەکەن شۆفێری بكەم.

پێشەوا مەحمود
پێشەوا مەحمود

پێشەوا مەحمود، شۆفێرێكی دیکەیە و داوا دەكەن لایەنی پەیوەندیدار بە دەم كێشەكەیانەوە بێت، كێشەی ئێمە ئەوەیە پارەیان لێ وەردەگرن لەبەر ئەوەی بەناو سنووری گوندی تەلاندا دەڕۆن .

ئەحمەد عەبدولرەحمان، شۆفێرێکى دیکەیە و باس لەوە دەکات، خەڵكی گوندەكە بە دژى كۆمپانیا و پاڵاوگەكە هیچ ناڵێن و دێن ڕێگا لە ئێمە دەگرن، لە كاتێكدا حەقی ئەوان لای پاڵاوگەكەیە، كە پێویستە خزمەت گوزارییان بۆ دابین بكات، نەك پارە لە شۆفێران وەربگرن بە ناوی سندوقی گوندەكەوە.

جێگەى ئاماژەیە، ماوەی چەند مانگێكە پاڵاوگەی دووكان كەوتووەتە كار و ڕۆژانە هەزاران تەنكەر سوتەمەنی دەپاڵێوێت و بەرهەمەكانی وەكو نەوتی سپی و گازوایل و نەوتی ڕەش دەنێردرێتە بازاڕ، بەڵام ماوەی ٢٠ ڕۆژە كێشە بۆ شۆفێرانی سنوورەكە درووست بووە، كە بە ناوی سندوقی گوندەوە باج و سەرانەیان لێ وەردەگیرێت.

ئـ.م

Comments are closed.