کەنەکە بۆ قوربانییانی بۆردوومانەکەى فڕۆکەخانەى عەربەت پەیامێکی هاوخەمیی ئاڕاستەی یەنەکە کرد

ناوەندی هەواڵەکان

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان- کەنەکە بەهۆی قوربانییانی بۆردوومانەکەى فڕۆکەخانەى کشتوکاڵی عەربەت پەیامێکی هاوخەمی ئاڕاستەی سەرکردایەتى یەنەکە دەکات و دەڵێت: ئەو هێرشە دژی سەروەریی هەرێمی کوردستان و دەوڵەتی عێراقە، چەندین ساڵە دەوڵەتی تورکیا سەروەری هەرێم و عێراق پێشێل دەکات، ئەم دۆخە لە هەمان کاتدا پێشلێکردنی هەموو نۆرم و ڕێسا نێودەوڵەتییەکانیشە.

لە پەیامەکەیدا کەنەکە ڕایگەیاند: ئەو هێرشە بە تەنیا بۆ سەر یەکێتی نیشتمانی کوردستان نییە، بەڵکو هێرشە بۆ سەر کوردستان و هەموو گەلی کورد، ئێمە بڕوامان وایە کە ئێوە بە وردی بەدواداچوون بۆ دۆخەکە دەکەن، ئێمە وەک کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان بە هەموو شێوەیەک لەگەڵتانین و پشتگیریی سەرکردایەتی یەکێتی دەکەین.

دەقی پەیامەکەى کەنەکە بەمجۆرەیە:

بۆ سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان

دوێنێ، (2023.09.18) لە سلێمانی لە فڕۆکەخانەی عەربەت هێزەکانی دژەتیرۆر کرانە ئامانجی هێزە ئاسمانییەکانی دەوڵەتی تورکیا، لە ئەنجامی هێرشەکاندا 3 پێشمەرگە شەهید بوون و 3 پێشمەرگەی دیکەش بریندار بوون، ئەو هێرشە بە تەنیا بۆ سەر یەکێتی نیشتمانی کوردستان نییە، بەڵکو هێرشە بۆ سەر کوردستان و هەموو گەلی کورد.

ئەو هێرشە دژی سەروەریی هەرێمی کوردستان و دەوڵەتی عێراقە، چەندین ساڵە دەوڵەتی تورکیا سەروەریی هەرێم و عێراق پێشێل دەکات، ئەم دۆخە لە هەمان کاتدا پێشلکردنی هەموو نۆرم و ڕێسا نێودەوڵەتییەکانیشە، هەروەها دژی مافەکانی مرۆڤە، ئەو هێڕشانەی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر گەلی کوردستان تاوانی شەڕ و تاوانی دژی مرۆڤایەتین، پێویستە رێگا لەو هێرشانەی دەوڵەتی تورکیا بگیرێت و تاوانباران سزا بدرێن، ئێمە بڕوامان وایە کە ئێوە بە وردی بەدواداچوون بۆ دۆخەکە دەکەن، ئێمە وەک کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان بە هەموو شێوەیەک لەگەڵتانین و پشتگیریی سەرکردایەتی یەکێتی دەکەین.

بۆ هەموو ئەو شەهید و بریندارانە هاوخەمتانین و بە توندیش ئەو هێرشانە ریسوا و شەرمەزار دەکەین، لە کەسێتی شەهیدانی فڕۆکەخانەی عەربەتدا هەموو شەهیدانی کوردستان بە شکۆوە بەبیر دێنینەوە و سەری رێزیان بۆ دادەنەوێنین، سەرەخۆشی لە سەرکرایەتی، هەموو ئەندام و لایەنگرانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و کەس و کاری شەهیدان و هەموو گەلی کوردستان دەکەین، هیوای هەرچی زووتر چاکبوونەوەش بۆ برینداران دەخوازین.

سڵا و و رێز

کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان

2023.09.19

 برۆکسل

هـ.ح

Comments are closed.