ناوەندی هەواڵەكان
سەركردەیەكی چوارچێوەی هەماهەنگی ڕایگەیاند، لایەنە سیاسییەكانی چوارچێوەكە بەنیازن كۆبوونەوەیەك لەبارەی هێرشەكەی سەر فڕۆكەخانەی كشتوكاڵی عەربەت ئەنجام بدەن، دەشڵێت، هیچ پاساوێك بۆ ئەم كارە تاوانكارییە نییە و ئیدانەی دەكەین.
دوای ئەوەی لیوا یەحیا ڕەسووڵ، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق دەوڵەتی داگیركەری توركی تۆمەتبار كرد، بە بۆردوومانكردنی فڕۆكەخانەی كشتوكاڵی عەربەت، زۆربەی لایەنە سیاسییەكان داوای هەڵوێستی جدییان لە حكومەت كرد، دژی دەوڵەتی تورك.
جەبار عۆدە سەركردە لە چوارچێوەی هەماهەنگی بە میدیا ناوخۆییەكانی ڕاگەیاند، بۆردوومانكردنی فڕۆكەخانەی كشتوكاڵی عەربەت لە پارێزگای سلێمانی لەلایەن فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوانی توركیاوە و كردنە قوربانی چەند كەسێك، بە پێشێلكردنی سەروەریی نیشتمانی و یاسا نێودەوڵەتییەكانی دادەنرێت.
ئاماژەی بەوەش كرد، هیچ پاساوێك بۆ ئەم كارە تاوانكارییە نییە و ئیدانەی دەكەن، دەشڵێت: لە كۆبوونەوەی داهاتووی چوارچێوەی هەماهەنگیدا باس لە كاردانەوەی بۆردوومانی فڕۆكەخانەی عەربەت دەكەن، هەروەها ئەوەی ڕوویدا بەردەوامبوونی پێشێلكارییەكانی توركیایە بۆ سەر ئاسمانی عێراق، بێباكی توركیایە بەرامبەر بە داواكارییەكانی عێراق بۆ وەستاندنی بۆردوومانەكان.
ڕوونیشی كردەوە، ڕووداوەكە ئاماژەیە بۆ ئەوەی ئەنقەرە بەردەوامە لە درووستكردنی كەشێكی ئاڵۆز لە هەرێمی كوردستان بە بیانووی شەڕكردن لەگەڵ پارتی كرێكاران كوردستان، كە ئەوان زیاتر لە چوارچێوەی خاكی توركیادا چالاكن.
پاشنیوەڕۆی دوێنێ دوشەممە فڕۆكەی بێفڕۆكەوان فڕۆكەخانەی كشتوكاڵی عەربەتی كردە ئامانج و بەهۆیەوە سێ كارمەندی دژەتیرۆری كوردستان (CTG) گیانیان لەدەستدا و سێ پێشمەرگەی دیكەش برینداربوون.
هـ.ئ
Comments are closed.