وەزیری دەرەوەى عێراق و ئێران لە ئەمریکا كۆبوونەوە

ناوەندی هەواڵەكان

ئەمڕۆ وەزیری دەرەوەی عێراق لە پەراوێزی كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە نیۆرك لەگەڵ هاوتا ئێرانییەكەی كۆبوویەوە، هەردوولا تاوتوێی بارودۆخی سیاسی و ئەمنی ناوچەكەیان كرد.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق سەبارەت بە كۆبوونەوەی فوئاد حسێن و حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران لە نیویۆرك، بەیاننامەیەكی بڵاو كردەوە و تێیدا هاتووە، لە پەراوێزی ٧٨ەمین كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنی گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە نیویۆرك، فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق لەگەڵ حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان هاوتا ئێرانییەكەی كۆبووەوە، لە كۆبوونەوەكەدا كۆمەڵێك بابەتی هاوبەش تاوتوێ كران.

لە كۆبوونەوەكەدا وەزیری دەرەوەی ئێران، سەردانەكەی هەفتەی ڕابردووی فوئاد حسێنی بۆ تاران بەرزنرخاند، بۆ ئەوەی ڕێككەوتنی ئەمنی نێوان هەردوو وڵات بە هاوبەشی لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان جێبەجێ بكەن.

لە میانی كۆبوونەوەكەدا هەردوولا باسیان لە دۆخی سیاسیی و ئاسایشی ناوچەكە و پەیوەندییەكانی ئێران و وڵاتانی كەنداو تاوتوێ كرد، بە شێوەیەك كە ئاسایش و سەقامگیریی لە ناوچەكە بەرز بكاتەوە.

جێگای ئاماژەیە، بۆ ماوەی چەند ڕۆژێك ٧٨ەمین كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە نیویۆرك بەڕێوە دەچێت، هەریەك لە محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق و ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆك كۆماری ئێران بۆ بەشدارییكردن لەو كۆبوونەوەیە لە ئەمریكان، بڕیارە لە پەراوێزی ئەو كۆبوونەوەیەدا سوودانی لەگەڵ جۆ بایدن كۆببێتەوە.

هـ.ئ

Comments are closed.