هەولێر
پارتی دیموکراتی گەڵان هەدەپە، ئاسایشی هەولێر بە بەرپرسیار دەزانێت لە تیرۆرکردنی دەنیز جەودەت، داوا دەکات چیتر پێویستە تاوانبار و پیلانگێرانی ئەم کردەوە تیرۆریستیە ئاشکرا بکرێت.
ئەمڕۆ ژمارەیەک لە لایەنگران و پەرلەمانتارانی هەدەپە، لە نێو بارەگای کەنەکە لە شاری هەولێر، تیرۆرکردنی دەنیز جەودەت شەرمەزاردەکەن و ڕایانگەیاند، پێویستە بکوژ و ئەوانەشی لەپشتی ڕووداوەکەن بۆ ڕای گشتی ئاشکرا بکرێن، چونکە تیرۆرکردنی ئازادیخوازان جێگای قبوڵکردن نیە.
وەزیر جۆشقون، پەرلەمانتاری هەدەپە لە پارێزگای جولەمێرگ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتی: تیرۆرکردنی ئازادیخوازان لە شارەکانی باشووری کوردستان ڕۆژ دوای ڕۆژ ڕوو لە زیادبوونە، بەهۆی زوڵم و زۆرداری دەسەڵاتی ئاکپە و مەهەپە، گەلی کورد و ئازادیخوازان لەهەرچوار پارچەی کوردستان بە ئامانج دەگیرێن.
وتیشی: شەهید دەنیز لە پێناو بەدەستهێنانی ماف و ئازادی بەناچاری باکووری کوردستان بەجێدەهێڵێت و ڕوو لە باشووری کوردستان دەکات، لە پێناو گرینگیدان بە زمان و ناسنامەی نەتەوەی کورد، هەروەها گیانی خۆی بۆ یەکبوونی گەلی کورد بەخشی، بەمجۆرە لەلایەن دەستێکی ڕەشەوە لە شاری هەولێر تیرۆرکرا.
ئەو پەرلەمانتارەی هەدەپە باسی لەوەشکرد، ئاسایشی هەولێر بەرپرسیارە لەم ڕووداوە و پێویستە بەزووترین کات تاوانبار و ئەوانی لەپشتی ڕووداوەکەن بۆ ڕای گشتی ئاشکرا بکرێن، چونکە تیرۆرکردنی ئەندامێکی کەنەکە زەنگێکی مەترسیدارە بۆ سەر گیانی هاوڵاتیانی باشووری کوردستان.
لەبارەی هێرشەکانی سەر باشووری کوردستان ئاماژەی بەوەکرد، ئەم رووداوە هێرشە بۆ سەر تەواوی گەلی کورد، بۆیە تاکو نەتەوەی گەلی کورد لە هەرچوار پارچەی کوردستان پێکنەهێنرێت، هەڕەش و مەترسی لەسەر گەلی کورد دەبێت، داواکارە لە لایەنە سیاسیەکانی هەرچوار پارچەی کوردستان یەکدەنگیان هەبێت بۆ ئەوەی لە بەرامبەر هێرش و مەترسیەکان بەوەستنەوە.
ئەوەشی خستەڕوو، گەلی کورد بە یەکدەنگی دەتوانن درێژە بە خەبات و تێکۆشان بدەن لە پێناو بە دەستهێنانی سەربەخۆیدا، چونکە داهاتووی گەلی کورد لە مەترسیدایە بەڕامبەر دووژمنان، بۆیە پێویستە لە بەرامبەر بە داگیرکاری خاکی کوردستان بەوەستنەوە.
ر.س
Comments are closed.