ناوەندی هەواڵەکان
ژنانی باشوری کوردستان لەبارەی یەکڕیزی ژنان و تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر شۆرشی ژن ژیان ئازادی، ڕاگەیەنراوەكی بڵاوکردەوە و ڕایدەگەیەنێت ” ژنان توانیان زەمینەی یەکگرتوویی لە نێوان هەموو چین و توێژ و تاکەکانی ئێراندا بخوڵقێنن”
ئەمڕۆ ژنانی باشوری کوردستان لەبارەی شۆرشی ژن ژیان ئازادی لە ڕۆژهەكاتی کوردستان ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە .
لە ڕاگەیەنراوەکەی ژنانی باشوری کوردستاندا هاتوە، ساڵێک بەسەر شۆڕشی “ژن ژیان ئازادی” لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران تێدەپەڕێت، وەکوو ژنانی باشووری کوردستان سەری ڕێز و نەوازیش بۆ سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ئازادیی دادەنوێنین و بەڵێن دەدەین، درێژە بە رێبازەکەیان بدەین.
ئەوەش لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتوە، لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا ژنان لە هەموو ئێران هاواریان دەکرد “ژن، ژیان، ئازادی” بۆ ئەوەی بە هەمووان بڵێن، ئەمە تەنها دروشم نییە، بەڵکو فەلسەفەی ژیانە، بینیمان کە ئەم دروشمە لە هەموو ئێراندا وترایەوە و ئەمەش ڕێک بەو مانایەیە کە پرسی ژن لە ئێراندا، پرسێکی هاوبەشە لە نێو گەلاندا، ژنان توانیان زەمینەی یەکگرتوویی لە نێوان هەموو چین و توێژ و تاکەکانی ئێراندا بخوڵقێنن و بەدەستکەوتەکانیان توانیان، شۆڕشێکی زیهنییەتی، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی دروست بکەن.
ئەوەشیان خستوەتەڕوو، ژنانی کورد بە پشت بەستن بە مێژووی دەوڵەمەندی خەبات و خۆڕاگری خۆیان، لەم ساڵانەی دواییدا توانیان ببنە پێشەنگی زۆر خەبات و تێکۆشان، ماوەی ٥٠ ساڵە لە سەرانسەری کوردستاندا دژی عەقڵیەتی پیاوسالاری و پیرسالار شەڕ دەکەن، لە سیاسەت و ڕێکخستنی کۆمەڵگا و کاروباری سەربازیدا قسەیان هەیە، بە خەباتی خۆیان نیشانیاندا، کە ئەوان تەنیا قوربانیی سیاسەتەکانی سیستەمی پیاوسالاری نین، بەڵکو بە پێچەوانەوە پێناسەی نوێ بۆ خۆیان و ژیان دەخەنە ڕوو.
باسیان لەوەشکردوە، ڕژێمی پاوانخوازی ئێران، لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا، ساتێک بێدەنگ نەبووە، ڕژێم پێشەنگایەتی ژنان و گەنجان و خەباتی تەواوی کۆمەڵگای وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر خۆی دەبینێت، بۆیە هەوڵیدا بە دڕندانەترین شێوە ئەو خەباتانە سەرکوت بکات، لەلایەک مادەی کیمیاویی بەسەر قوتابیانی کچ لە قوتابخانەکاندا دەباراند، لەلایەکی تریش چالاکوانی مەدەنیی دەستگیردەکرد، لەلایەکی ترەوە هەڕەشەی لە دایکانی ئاشتیی و بنەماڵەی شەهیدان دەکرد و دەیان نموونەی تر.
ژنانی باشوری کوردستان لە ڕاگەیەنراوەکەیاندا دەڵێت، لە بنەڕەتدا دەتوانرێت بڵێین ئامانجی سیستەم لەم هێرشانەدا کۆمەڵکوژی سیستماتیکی ژنانە، بەڵام ئەوەی سەرنجی جیهانی ڕاکێشا ئەوە بوو، کە هیچ کام لە ستراتیژییەکانی ڕژێم بۆ سەرکوتکردن نەیانتوانی ڕێگری لە ژنان بکەن لە گەیشتن بە ئامانجەکانیان، هەتا ڕژێم زیاتر سەرکوتی کرد، ژنان زیاتر خەباتیان دەکرد، ئەو یەکڕیزیی و یەکگرتنەی کە لەم قۆناغەدا لە کۆمەڵگادا دروست بوو، ئەو یەکڕیزییە بوو کە دەسەڵاتی ترساند و جارێکی دیکە هیوای لە دڵی هەموو تێکۆشەران و ئازادیخوازاندا زیندوو کردەوە.
باسی لەوەشکردوە، بینیمان ژنانی بەشەکانی تری کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان، چۆن پاڵپشتی ژنانی ئێرانیان دەکرد، ئێستاش لەم رۆژانە لە سەرانسەری کوردستان و جیهاندا بۆ پاڵپشتی لە شۆڕشی ژن ژیان ئازادیی، چالاکی بەڕێوە دەچێت و گەلان بە تەواوی لە سەر پێن، ساڵانێکە خەبات لە کوردستان بەردەوامە، ساڵانێکە هاواری “باکور، باشور و ڕۆژهەڵات”، یەک ئامانج و یەک خەبات ئەدرێت، ئەمەش مانای ئەوەیە ئێمە پابەند و بەرپرسیارین بەرامبەر یەکتر.
جەختی لەوەشکردوەتەوە، وەکوو ژنانی باشووریش هەوڵمان داوە کە ببین بە دەنگی ژنان لە بەشەکانی دیکەی کوردستان. لە سەرەتای شۆرشی ژن ژیان ئازادی لە ڕۆژهەڵات، هەتا ئێستاش سەرەڕای هەموو کۆسپ و لەمپەڕەکانیش هەوڵمان داوە کە پاڵپشتی خۆمان ڕابگەیەنین، لە بەر ئەوەی باش دەزانین کە دەردی بەشێکی کوردستان، دەردی هەموو کوردستانە، بۆیە جارێکی دی جەخت دەکەینەوە کە بە یەکگرتن دەتوانین ئایندەیەکی ئازاد مسۆگەر بکەین.
ر.س
Comments are closed.