ناوەندی هەواڵەکان
لەبارەی هێرشەکەی فڕۆکەخانەی کشتوکاڵی عەربەت، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، بۆردوومانەکە کردەوەیەکی تیرۆرستی بووە، دەبێت حکومەتی ناوەندی و حکومەتی هەرێم هەوڵبدەن بۆ رێگریکردن لە دووبارەبونەوەی رووداوێکی لەوجۆرە و دەشڵێت، “ئەوە یەکەمین هێرش نییە و دوایین هێرشیش نابێت”.
جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێم لە چوارچێوەی پرۆسەی بەشداریکردن لە پرسەی شەهیدەکانی هێرشەکەی فڕۆکەخانەی عەربەت لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند “ئەوە یەکەمین هێرش نییە و دوایین هێرشیش نابێت”.
جێگری سەرۆکی هەرێم دەڵێت، مەبەست لە بۆردوومانی دوێنێی فڕۆکەخانەی عەربەت، تێکدانی ئاسایش و ئارامی هەرێمی کوردستانە، بۆ ئەوەیە خەڵکی هەرێم بەردەوام لە دڵە ڕاوکێدا بژین و دەشڵێت، “ئەمە یەکەم بۆردومان نییە و کۆتا دانەش نابێت”.
جەعفەر شێخ مستەفا ئەوەشی خستەڕوو، بەرپرسیاری یەکەمی پاراستنی سنورەکانی هەرێم و تەواوی عێراق لە ئەستۆی حکومەتی ناوەندیدایە، پاشان سەرۆکایەتی و حکومەتی هەرێمیش دەبێت هەوڵبدەن بۆ رێگریکردن لە رووداوێکی لەوجۆرە، و سەرۆکایەتی هەرێمیش ئەو رووداوە بە کردەوەیەکی “تیرۆرستانە” هەژمار دەکات.
ئەوە لە کاتێکدایە، ئێوارەی دوێنێ دوشەممە، فڕۆکەخانەی عەربەت لەلایەن فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانەوە بۆردوومان کرا، لە ئەنجامدا سێ پێشمەرگەی دژەتیرۆری یەنەکە شەهیدبوون و سیانیش برینداربوون.
تائێستا لایەنە ئەمنی و سەربازییەکانی عێراق و هەرێم هیچ لێدوانێکی فەرمیان ڕانەگەیاندوە، کێ لەپشت ئەو هێرشەی سەر شاری سلێمانی بوە و بەو مەبەستە بڕیاڕە لیژنەیەکی باڵای ئەمنی عێراق بۆ لێکۆڵینەوە لە چۆنێتی ڕوودانی ئەو کردەوەیە سەردانی سلێمانی بکەن .
ر.س
Comments are closed.