سلێمانی
لە شاری سلێمانی سیمینارێک لە بارەی ڕەوشی ژینگە و هەمەجۆری زیندەوەرە شیردەرەکان بەڕێوەچوو، تیشک خرایە سەر مەترسیی و هۆکارەکانی لەناوچوونی ئاژەڵە کێوییە شیردەرەکان و چۆنێتی پاراستنیان.
ئەمڕۆ لە ڕێکخراوی ئازادبوون لە شاری سلێمانی، سمینارێک بە ناونیشانی (هەمەجۆریی زیندەوەریی لە کوردستان، شیردەرە کێوییەکان بە نموونە، مەترسییەکانی سەریان چۆنییەتی پاراستنیان)، بۆ هەر یەک لە سۆما ئیسماعیل و سۆران حەمەعەلی، توێژەرانی ژیانی کێویی ئەنجامدرا.
لە سەرەتادا بە وتەکانی سۆران حەمەعەلی سمینارەکە دەستیپێکرد و باسی لە هەمەجۆریی و دەوڵەمەندی کورستان لە ڕووی ئاژەڵی کێویی کرد، و چەندین جۆری ئاژەڵی کێویی شیردەریی بە وێنە و زانیاریی ئاشنا کرد بە ئامادەبووان، کە تا ئێستا ئامادەبووان پێی ئاشنا نەبوون.
پاشان سۆما ئیسماعیل، هەڵسەنگاندنێکی بۆ ئاژەڵە شیردەرەکان کرد و وتی: شەش جۆری ئەو ئاژەڵانە بەرەو کەمبوونەوە دەچن، هاوکات شەش جۆری دیکەشیان بەتەواوی مەترسیی لەناوچوونیان لەسەرە، بەشێکی زۆریش تا ئێستا نەیانتوانیوە داتای پێویست بەردەست بخەن.
لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بە چەند جۆرێکی ئاژەڵی شیردەردا کە مەترسی لەناوچوونیان لەسەرە، لەسەر ئاستی جیهان و کوردستانیش، ئەوانەش هەریەک لە ئاژەڵەکانی (پڵنگی زاگرۆسیی، ئاسکی گەرمیانیی، ئاژەڵی پۆڵکات و چەندین جۆری دیکە).
سەبارەت بە مەترسییەکان لەسەر شیردەرەکان خرایەڕوو لەڕووی:
– لەدەستدانی نشینگە ژینگەییەکان
– ڕاوکردن و بازرگانیکردن بە کێوییەکان
– کەمبوونەوەی سەرچاوەی ئاوە سرووشتییەکان و گلدانەوەی ئاو لەلایەن وڵاتانی دراوسێوە
– کێڵگەی مینڕێژکراو
– لەوەڕاندنی لە ڕادەبەر
– نەبوونی ناوچەی پارێزراوی سرووشتی
– کەمی داتا و ژمارەی پسپۆڕ لە بوارەکەدا
سەبارەت بە پاراستنی ئاژەڵە شیردەرەکان چەند ڕێنماییەک خرایەڕوو لەوانە:
– پەروەردە و بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی تاک
– دانانی پلانی کورتخایەن و دوور مەودا بۆ پاراستنی شیردەرەکان
– شیردەرەکان وەکو سامانێکی سرووشتیی دابنرێت
– هەماهەنگی لە نێوان کۆمەڵگەی مەدەنی، ڕێکخراوەکان و دامەزراوەکانی حکومەت دروست بکرێت
– سوودوەرگرتن لە میدیا و تەکنەلۆژیای سەردەم
ر.س
Comments are closed.