وەزیری بەرگری عێراق: هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران لەناو پێنج کەمپ سنووردار کراون

ناوەندی هەواڵەکان

وەزیری بەرگری عێراق لەبارەی چەککردنی هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی ئێران لە خاکی هەرێم ڕایدەگەیەنێت،هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێرانمان لە پێنج کەمپی ناو عێراق سنوردار کردوە .

ئەمڕۆ سابت محەمەد، وەزیری بەرگری عێراق، بە کەناڵی ئەلعەرەبیەی ڕاگەیاندوە، هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێرانمان لەناو پێنج کەمپ سنووردارکردوە و ڕێگا بە پێشێلکردنی سەروەری عێراق نادەین .

ئەمڕۆ کۆتا ڕۆژی وادەی چەککردنی حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی ئێرانە لە خاکی هەرێم و لەوبارەیەوە، وەزیری بەرگری عێراق دەڵێت” هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێرانمان لە پێنج کەمپی ناو عێراقدا سنووردار کردووە، هێزەکانی عێراق لەسەر سنووری عێراق-ئێران جێگیرکران و ڕێگا نادەین سەروەری عێراق پێشێل بکرێت” .

ئاماژەی بەوەشداوە، دەستووری عێراقی رێگا نادات بە هەبوونی هیچ هێزێکی چەکدار لە ناو سنوورەکانیدا و ڕێگا نادەین سەروەری عێراق پێشێلبکرێت، ئەوە هێڵی سورە، نابێت خاکی عێراق وەک هەڕەشە لەسەر دراوسێکانمان بەکاربهێنرێت.

ئەوەشی خستوەتە ڕوو، بە رێگای دیپلۆماسی کێشەکانمان لەگەڵ ئێران و تورکیا چارەسەر دەکەین، سەبارەت بە هێزەکانی ئەمریکا لە خاکی عێراق ، ڕایگەیاندوە، هیچ بنکەیەکی سەربازی ئەمریکی لە ناو عێراقدا بوونی نیە.

 

ر.س

Comments are closed.