پەرلەمانتارێك: لایەنە سیاسییەكانی هەولێر پشتیوانیی جێبەجێكردنی پلانەكانی توركیا لە عێراق دەكەن

ناوەندی هەواڵەكان

ئەندامێكی پەرلەمانی عێراق داوای كرد، پەرلەمان دانیشتنێكی تایبەت بۆ تاوتوێكردنی پەرەسەندنی هێرشەكانی دەوڵەتی تورك لە هەرێمی كوردستان و عێراق ئەنجام بدات، دەشڵێت: حزب و لایەنە سیاسییەكانی شاری هەولێر پاڵپشتیی ئەنقەرە دەكەن، لە جێبەجێكردنی ئەو پلانانەی كە هەڕەشە لە ئاسایشی وڵات دەكات.

محەمەد سەیهود، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەبارەی هێرشەكەی دەوڵەتی داگیركەری تورك بۆ سەر هەرێمی كوردستان و عێراق، ئەو لایەنانەی پاڵپشتی دەوڵەتی داگیركەری تورك دەكەن، بە ڕۆژنیوزی ڕایگەیاند.

محەمەد سەیهود
محەمەد سەیهود

محەمەد سەیهود ڕایگەیاند، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ هێرشەكانی توركیا لەناو قوڵایی خاكی هەرێم و عێراق زیاتر دەبێت، كە دواین هێرشی توركیا بۆ سەر فڕۆكەخانەی كشتوكاڵی عەربەت بوو، ئەمەش هێرشێكی ئاشكرایە بۆ سەر سەروەری وڵات، هەروەها داوا دەكەین پەرلەمانی عێراق دەكەین، دانیشتنێكی تایبەت بۆ تاوتوێكردنی پەرەسەندنی هێرشەكانی دەوڵەتی تورك ئەنجام بدات.

ئاماژەی بەوەش كرد، حزب و لایەنە سیاسییەكانی شاری هەولێر پاڵپشتی ئەنقەرە دەكەن، لە جێبەجێكردنی ئەو پلانانەی كە هەڕەشە لە ئاسایشی وڵات دەكات، هۆشداریشی دا لە ئامانجەكانی توركیا بە هاوكاری لایەنە سیاسییەكانی هەولێر بۆ تێكدان و پارچە پارچە كردنی وڵات.

ڕوونیشی كردەوە، دوای ئەوەی پەدەكە سەروەت و سامانی هەرێمی كوردستان كۆنتڕۆڵ كردووە، هاوڵاتیانی هەرێم بە بارودۆخێكی سەختی ئابووریدا تێپەڕ دەبن، ئێستاش هاوڵاتیانی هەرێم باجی ئەو هێرشانەی توركیا دەدەن، كە ناوچەی كشتوكاڵی بۆردوومان دەكات و هاوڵاتی مەدەنی دەكاتە قوربانی.

بە پێی بەشێك لە سەرچاوەكانی ناوچەی برادۆست، كە بە ڕۆژنیوزیان ڕاگەیاندووە، پەدەكە بە هاوكاری لەگەڵ دەوڵەتی داگیركەریی تورك دەستی بە یارییەكی گڵاو كردووە لە ناوچەكە، بە ئامانجی داگیركردنی خاكی هەرێم و دابەشكردنی وڵات، هەروەها ئامانجیان چۆڵكردنی هەندێك ناوچەیە لە برادۆست بۆ ئەوەی لە ژێر جلوبەرگی پاسەوانی سنووری عێراقەوە هێرش بكەنە سەر گەریلا.

لە ناوەڕاستی ئەم هەفتەیەدا فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی دەوڵەتی داگیركەری تورك فڕۆكەخانەی كشتوكاڵی عەربەتی كردە ئامانج و بەهۆیەوە سێ كارمەندی دژەتیرۆری كوردستان (CTG) گیانیان لەدەست دا و سێ پێشمەرگەی دیكەش برینداربوون.

هـ.ئ

Comments are closed.