بڕوا ئەسعەد
بەڕێوەبەرێکی بەشی خوێندنی کوردیی لە کەرکووک دەڵێت: دواخستنی مووچە گەورەترین مەترسی لە سەر خوێندنی کوردیی درووست دەکات، چوونکە ئەگەر بایکۆتی دەوام بکەین، لە خوێندن دوا دەکەوین، ئەمەش دەبێتە بیانوویەک بۆ نەیارەکانمان و بڵێن خوێندنی کوردیی لە کەرکووک شکستی هێنا.
بەرەو کۆتایی مانگی ئەیلول دەڕۆین و هێشتا حکومەتی هەرێم مووچەکانی مانگی تەمووز و ئابی دابەش نەکردووە، ئەمەش ژیانی مامۆستایانی قورس کردووە و توانای دەوامکردنیان نەماوە، ئەگەر لە شارەکانی هەرێمی کوردستان بایکۆتکردنی مامۆستایان کۆی پڕۆسەی خوێندنی گشتیی ڕابگرێت، ئەوا لە کەرکووک وا نییە و گەر خوێندنی کوردیی بوەستێت بەشی عەرەبی و تورکمانی بەردەوامن، ئەمەش مەترسییە لەسەر خوێندنی کوردیی لەو شارە.
نەسرین ئەحمەد، بەڕێوەبەری خوێندنگەی ناوەندی شەهید ڕەنگین لە شاری کەرکووک، لەم بارەیەوە نیگەرانی خۆی دەربڕی و وتی: بە گشتی خوێندنی کوردی لە ئاستێکی باشدایە شانازی پێوە دەکەین، لە دوای ١٦ـی ئۆکتۆبەرەوە ئەوەی جێگای شانازی بێت لە کەرکووک و مۆرکی کوردی پێوە مابێت خوێندنی کوردییە، تاکە چەکە کە بەرگریی پێ بکەین لە ناسنامەی کوردیی کەرکووک.
نەسرین ئەحمەد زیاتر کێشەی مامۆستایانی ڕوون کردەوە و وتی: لە کەرکووک جیاوازییەکی زۆر لە نێوان مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێم و بەغدا هەیە، چوونکە ئەوانەی سەر بە ناوەندن سەری مانگ، مووچەکانیان پێ دەدرێت، بەڵام ئەوانەی سەر بە حکومەتی هەرێمن دەبێت چاوڕوانبن و بێ مووچە بمێننەوە، فەرمانبەرانی هەرێم زۆر دەچەوسێندرێنەوە، مامۆستام هەیە هاوژینەکەی نەماوە، مناڵی هەیە، نازانێت بە چی بەخێوی بکات، کێشەکان ئەوەندە زۆرن، مرۆڤ نازانێت چۆن گوزارشتیان لێ بکات.
ئەو بەڕێوەبەرە ئاماژەی بەوەشدا: ئەوەی بەرامبەر بە فەرمانبەران و مامۆستایان دەکرێت کێشەیەکی سیاسییە، چەندین جار داوامان کردووە مووچەکانمان بگەڕێتەوە سەر حکومەتی ناوەندی، بەڵام دەسەڵاتدارانی هەرێم پەسەندی ناکەن، دواکارین لە کاتی خۆیدا مووچەکانمان پێ بدەن، چیتر لە نێوان بەغدا و هەرێم نەمانهاڕن، ئێمەی خەڵکی کەرکووک، لە سەر دەریایەکی ڕەشی نەوتین، دووکەڵەکەی بۆ خەڵکی شارەکەیە، کەچی سیاسییەکانی بەغدا و هەرێم، بازرگانی پێوە دەکەن و بە تەنکەر نەوتی شارەکە دەدزرێت.
دەشڵێت: شەرمەزارییە بۆ حکومەتی هەرێم، دوای ٣٢ ساڵ، جگە لەو نەهامەتییانەی بە سەر گەلی کورددا هێناویەتی، نەیانتوانی کەرتی پەرەوردە بەرەو پێشەوە ببەن، بەرەو ڕووخان دەڕۆن، لە کاتێکدا گرنگترین کەرتە، لە ٩ـی ئەیلولەوە بە فەرمی دەوام دەکەین بەڵام دوای تەواوبوونی تاقیکردنەوەکان، خشتەیەکم ئامادە کردووە، لە هەفتەیەکدا یەک ڕۆژ دەوام بکەن، چوونکە مامۆستام هەیە دینارێک لە گیرفانی نییە، هەر گوناحە بگەڕێتەوە، ئەگەر ئەم دۆخە ئاوا بەردەوام بێت، لە ١ـی تشرینی یەکەمەوە بڕیاریان داوە بایکۆتی دەوام بکەن و نەیەنەوە.
ئەو بەڕێوەبەرە باسی لە مەترسییەکانی دۆخی بێ مووچەیی کرد و ڕایگەیاند: بەردەوامیدان بە دواخستنی مووچە، گەورەترین مەترسی لە سەر خوێندنی کوردی درووست دەکات، چوونکە ئەگەر بایکۆتی دەوام ڕاگەیەندرا، لە خوێندن دوا دەکەوین، ئەمەش دەبێتە بیانوویەک بۆ نەیارەکانمان و بڵێن خوێندنی کوردیی لە کەرکووک شکستی هێنا، بە داخەوە ئەمە دەبێتە هۆکارێک کوردی شارەکە، مناڵەکانیان نەخەنە بەر خوێندنی کوردیی، چوونکە مامۆستاکانمان ناتوانن بە دڵی شکاو و بە گیرفانی بەتاڵەوە، وانە بڵێنەوە.
ب.گ
Comments are closed.