سوڵتانی بکوژەکان و چاو ڕاستەکانی

خالد سلێمان

بکوژەکانی ژمارەیەک گەنجی کوردستان لەسەر خاک و زێدی خۆیان، بە ئاشکرا پێمان ڕادەگەیەنن، کە ئەوان نەک تەنها دووژمنی ئێمەن، بەڵکو چاویان لە ئاستی هیچ شتێکدا هەڵنایەت ناوی کوردی پێوە بێت، هەموو شێوازێکی کوشتن و بڕین بەرامبەرمان بەکاردەهێنن، تەنانەت درەخت و گیانەوەرە کێوییەکانیشمان جینۆساید دەکەن، لەم دەورانی زیرەکی دەستکردەشدا، فاشیستەکانی تورکیا، بوونەتە خاوەن هێزێکی دیاری وێرانکردن و ئیتر پێویستییان بە فڕۆکەوانێک نییە خوێن لە جەستەیدا بێت و خوێنیش بڕێژێت، ئەوان لە ڕێگەی درۆن و زیرەکی دەستکردەوە، بە خوێنێکی سارد خوێنی گەرمی هەر کوردێک دەڕێژن، کە بە دڵی سوڵتانی بکوژەکان نەبێت.

مەترسی و هەڕەشەکانی ئەم فاشیزمە تەکنۆکراتەی تورک، درێژکراوەی مێژوویەکی دوورودرێژی دووژمنایەتییکردنی کورد و ئارەزووی لەناوبردنیەتی، تورک لەسەر جەستەی ئەرمەنەکان ئیعلانی ناسنامەی ڕاستەقینەی خۆی کرد و دوای زیاتر لە سەدەیەک، دەیەوێت لەسەر جەستەی کورد مێژووی دڵڕەقی و ڕەگەزپەرستیی خۆی بە تەواوەتی جێگیر بکات.

ئەوەیان خاڵێکی ئاشکرایە و هەموو کوردێکی دەرەوەی بازنەی خزمەتکاری و گوێڕایەڵیی بەردەم ماڵی ئەردۆگان دەیزانێت، بەڵام ئەوەی نائاسایی و نالۆژیک و ناپەسەند و ناڕەسەنییە، ئەوەیە، کە کورد ببێتە زمانحاڵی فاشیزمێکی تورکی، کە سڵ لە هیچ بەها و بەربەست و ئەخلاقێکی مرۆیی ناکاتەوە.

یادی بەخێر بێت، ساڵی ١٩٩٨ نووسەرو مێژووناسی گەورەی عێراقی هادی عەلەوی، ڕەتی کردەوە لە گەورەترین کۆنگرەی بیرمەندانی دنیا لە ئەستەنبوول ئامادە بێت، بەلای ئەوەوە ئامادەبوون لەو کۆنگرەیەدا، کە بۆ فیکر و دیالۆگی نێوان گەلان تەرخانکرابوو شتێکی بێمانایە، لە کاتێکدا کورد لە تورکیادا ڕووبەڕووی لەناوبردنی فیزیکی و کەلتووریی دەبێتەوە، دوای تێپەڕبوونی دوو دەیە بەسەر ئەو هەڵوێستە دەگمەنەی عەلەوی-دا، ئەمڕۆ لە کوردستان، نوخبەیەک بوونەتە دەمڕاستی تورکەکان و شەرعیەت دەدەنە هەموو تاوانێک لەسەر زێدی خۆمان ئەنجامی دەدات، ئەمانە چاوڕاستی فاشیزمێکی نێودەوڵەتین، کە دنیا بە دووژمنی خۆی دەزانێت.

ئـ.م

Comments are closed.