ناوەندى هەواڵەکان
ئەمڕۆ سەرۆکى یەنەکە سەردانى بەغداى کرد و لەگەڵ نورى مالکى سەرۆکی ھاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا کۆبوەوە و هەردوولا ئیدانەى هێرشەکەى سەر فڕۆکەخانەى عەربەت-یان کرد و داوایان حکومەتى عێراق کرد سنوور بۆ پێشێلکارییەکان دابنرێت.
بافڵ تاڵەبانى سەرۆکى یەنەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوى کردەوە، ئەمڕۆ سەردانى بەغدام کرد و لەگەڵ نورى مالکى سەرۆکی ھاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا کۆبوومەوە.
ئاماژەى بەوەش کردووە، لەدیدارەکەدا کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم گفتوگۆی لەبارەوە کرا و جەخت لە هەماهەنگی و هاریکاریی نێوان لایەنە سیاسییەکان کرایەوە لەپێناو زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییەکان و چارەسەرکردنی کێشەکان لە سەر بنەمای دەستوور بە شێوەیەک، کە مافی هەموو لایەک پارێزراوبێت.
ئەوەشى خستووەتە ڕوو، لە کۆبوونەوەکەدا هێرشە تیرۆریستییەکەی سەر فڕۆکەخانەی عەربەت ئیدانە کرا و داواکرا حکومەتی عێراق ئەرکە دەستوورییەکانی خۆی ڕاپەڕێنێت، سنوور بۆ پێشێلکارییەکان دابنێت و هیچ پاساوێک بۆ بەزاندنی ئاسمان و خاکی وڵات نەمێنێت.
باسى لەوەش کردووە، دەبێت چارەسەرکردنی کێشە داراییەکان و دوورخستنەوەی مووچەی فەرمانبەران لە کێشە سیاسییەکان کاری لەپێشینەی هەموومان بێت و چیتر هاوڵاتییانمان لە دڵەڕاوێکدا نەمێننەوە.
لە کۆتایدا هاتووە، هەڵەبجە و هەڵەبجەییەکان شایەنی هەموو ڕێز و وەفادارییەکن، بە پارێزگابوونیشی دەبێت خەمی هەمووان بێت و داواکارم هەموو لایەنەکان بەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ ئەم پرسە بکەن.
ئـ.م
Comments are closed.