کۆچەرییەکانی برادۆست کە بە هۆی پەدەکەوە ئاوارەبوون لە کولەمەرگیدا دەژین

ناوەندی هەواڵەکان

١٢٨٦ خێزان کە لە جوتیار و کۆچەرییەکان پێکدێن، لە سنووری برادۆست بەهۆی هێزەکانی پەدەکەوە لە ناوچەی خۆیان هەڵکەندراون و ئاوارەبوون، لە ئیستادا ڕوویان کردووەتە ناوچە گەرمەکان و بێدەرەتان و پێخاوسن و لە کولەمەرگیدا ژیان بەسەر دەبەن، ڕۆژنیوز بەشێک لەو خێزانانە بەسەر دەکاتەوە.

بەهۆی ئەو هێزە زۆرەی پەدەکە، کە لە ١٣ـی ئەم مانگە لەگەڵ هێزەکانی پاسەوانی سنووری ژێر دەسەڵاتی خۆیان، بە زیاتر لە ٢٠٠ زرێپۆش و تانک و ئۆتۆمبێلی سەربازیی و چەکی قورس و زیاتر لە هەزار چەکدارەوە بۆ کوێستانەکانی برادۆست، پێش دەستپێکردنی وادەی کۆچکردنی جوتیار و کۆچەرییەکانی، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا ناوچەکەیان پێ چۆڵکردن و ئاوارە بوون.

بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژنیوز لە کوێستانەکانی دەڤەری برادۆست نزیکەی ١٢٨٦ خێزان کە لە جوتیاران و کۆچەرییەکان پێکدێن، ناوچەکەیان چۆڵکرد و دەستیان لە بەرهەمە کشتوکاڵییەکان هەڵگرت و ئاژەڵدارانیش بە ناچاری بەرەو ناوچە گەرمەکان کۆچیان دەستپێکرد.

برادۆست سێگۆشەی سنووری نێوان عێراق–ئێران–تورکیایە ، سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانە لە پارێزگای هەولێر، لە ڕووی جوگرافییەوە ناوچەیەکی شاخاوییە و دەشتایی کەمە، بووەتە شوێنێک بۆ کۆچەرییەکان تا ئاژەڵداریی و کشتوکاڵی تێدا بکەن، کوێستانەکانی (کێلەشین، مێرگەمیر، بەربزین، خنێرە، لۆلان، چیای گۆشینە، شەکیف، خواکورک، بۆڵێ ، هۆڕنێ) لەو ناوچە گرنگانەن، کە سەڵانە هەزاران کۆچەری و جوتیار تیایاندا نیشتەجێ دەبن.

بەشێک لەو ئاژەڵدار و کۆچەرییانەی کە لە کوێستانەکان بوون فریا نەکەوتوون سەرجەم کەلوپەلەکانیان لەگەڵ خۆیاندا ببەن، تەنیا ئاژەڵەکانیان ڕزگار کردووە، هەندێکیان زیاتر لە ١٠ کاتژمێر بەڕێگاوە بوون تا لەناوچەی مەترسیدار دوور کەوتوونەتەوە و ئاژەڵەکانیان ڕزگار کردووە.

جادر عومەر
جادر عومەر

ڕۆژنیوز دەچێتە لای بەشێک لەو کۆچەرییانەی، کە ئێستا لە گوندی کەژەک لە برادۆست دەوار و ڕەشماڵیان هەڵداوە، ئەوان لە ناڕەحەتی و مەینەتیدا ژیان دەگوزەرێنن، نە ئاوی خواردنەوەیان هەیە نە کارەبا، خۆیان لە شوێنێک و ئاژەڵەکانیشیان لە شوێنێکی دیکەن، دەستیان لە درووستکردنی بەرهەمی سپیایی هەڵگرتووە و تووشی زیانی زۆر بوونەتەوە.

جادر عومەر بە ڕۆژنیوزی وت: ئێمە لە کێلەشین بووین، حکومەت هات و بە ئێمەی وت بڕۆن لێرە چونکە مەترسی شەڕ هەیە، ئێمەش هەڵاتین و نەمانتوانی هەموو کەلوپەلەکانیشمان بهێنین، هاتینە ئێرە و لێرەش هیچ کەسێک نەهاتووە سۆراغمان بکات.

ڕێباز بەحری
ڕێباز بەحری

وتیشی : ئێمە وادەی کۆچکردنمان نەهاتبوو، هێشتا گەرمایە و لە خوارەوە لەوەڕ نییە ، بەڵام بە ناچاری کۆچیان بە ئێمە کرد و تووشی دەردەسەرییان کردین، بێ ماڵ و حاڵ ماینەوە و دەربەدەر بووین، نە ئاو نە کارەبامان نییە، ئاژەڵەکانمان هەمووی دەرباز نەبووە و هەندێکمان لە نیوەی شەودا کۆچمان دەستپێکرد و بەشێکی کەلوپەلەکانمان جێهێشت.

ڕێباز بەحری وتی: زەرەری زۆرمان پێگەیشتووە، ماست و پەنیر و لۆر و شیرێژمان هەمووی تێکچوو، چونکە کارەبا نییە و ئاوی ساردیش نییە، نیگەرانین کە ئێمەیان لە کوێستانەکان هێنایە خوارەوە.

لەسەر ماڵ و حاڵی خۆمان بووین و سەرقاڵی ئاژەڵداری بووین، حکومەت وتی شەڕ درووست دەبێت و دەبێت بڕۆن

ئەسعەد ئەحمەد
ئەسعەد ئەحمەد

ئەسعەد ئەحمەد پیرە پیاوێکی بە تەمەنە و لەژێر ڕەشماڵی ناچاریدا پاڵی داوەتەوە، ئەو دەڵێت: دەریان کردین لەسەر ماڵ و حاڵی خۆمان بووین و سەرقاڵی ئاژەڵداری بووین، حکومەت وتی شەڕ درووست دەبێت و دەبێت بڕۆن، ناچار بووین کوێستان بەرەو گەرمێن چۆڵ بکەین.

 

ب.گ

Comments are closed.