کۆیە
مامۆستایانی وانەبێژ لەگەڵ ئەوەی ساڵانێکە لەسەر شەقامن و داوای دامەزراندن دەکەن و حکومەت وەڵامیان ناداتەوە، ئێستا ماوەی سێ مانگیش دەبێت مووچەیان وەرنەگرتووە، دەڵێن: ئێمە لە هەموو مووچەخۆران ستەملێکراوترین.
لە سنووری شارۆچکەی كۆیەی سەر بە پارێزگای هەولێر نزیكەی ٨٠٠ مامۆستای وانەبێژ هەیە، كە بەشی زۆریان لە گوند و شوێنە دوورەكان وانە دەڵێنەوە، هەندێکیان ماوەی ١٠ ساڵە وانە دەڵێنەوە هێشتا دانەمەزراوە، جگە لەوەش بەرەو کۆتایی مانگی ئەیلول دەڕۆین بەڵام هێشتا مووچەی مانگی ئاب و ئەیلولیان وەرنەگرتووە.

بەشێک لە وانەبێژانی سنوورەکە بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن، چیا ڕۆستەم یەکێک لەو مامۆستایانە لەمبارەیەوە وتی: ئێمە وەكو مامۆستای وانەبێژ چەندین جار لە فەرمانبەرانی تری حكومەتی هەرێم زوڵم لێكراوترین، چونكە هەموو ڕۆژێك چاوەڕێی ئەوە دەكەین دەرمان بكەن یاخود كێشەی ترمان بۆ درووست بكرێت، لەگەڵ ئەوەشدا ماوەی نزیكەی سێ مانگە مووچەیان پێنەداوین.
باسی لەوەشکرد، ئێمە وەكو مامۆستایانی وانەبێژ ماوەی ١٠ ساڵە داوا دەكەین بكرێینە هەمیشەیی، بەڵام حكومەت ڕۆژ بە ڕۆژ دەستی دەستیمان پێ دەكات كاتمان پێ بەڕێ دەكات، هەر بۆیە چیتر ئێمەش قەبوڵی ناكەین حكومەت لەوە زیاتر زوڵممان لێ بكات، بەردوام دەبین لەسەر داواكردنی مافەكانی خۆمان كە دامەزراندنە و ناچینەوە هۆڵەكانی خوێندن و بایكۆت دەكەین.

شۆخان جەلال مامۆستایەكی تری وانەبێژ وتی: پێش ئەوەی هاوسەرگیریی بكەم وانەبێژ بووم، ١٠ ساڵە وانەبێژیی دەكەم ئێستا منداڵەكەم دەچێتە قوتابخانە، حكومەت تاكەی وەڵامی داواكارییەكانمان ناداتەوە؟ كە مافێكی ڕەوای خۆمانە ئەویش تەنها دامەزراندنە بە هەمیشەیی.
دەشڵێت: حكومەت نایەوێت كەرتی پەروەردە پێش بكەوێت بۆیە بەردەوام گرفتی بۆ درووست دەكات، دەبینین لە زۆربەی بوارەكاندا دامەزراندن هەیە تەنها بۆ مامۆستای وانەبێژ نییە، كەواتە حكومەت پێنووسی ناوێ، بۆیە گرنگی پێ نادات.

حسن ئەحمەد، مامۆستای وانەبێژ لە سنووری پەروەردەی كۆیە دەڵێت ئەو مووچە كەمەی پێمان دەدرێت بەشی خەرجی هاتوچۆمان ناكات كە ڕۆژانە دەیان كیلۆمەتر دەبڕین تا دەگەینە خوێندنگاكان، بۆیە دەبێت لەگەڵ وانەبێژی كارێكی تر بكەین تاوەكو بژێوی ژیانی خۆمان دابین بكەین.
دەشڵێت: زۆرترین ئەركمان لەسەر شانە گەر وانەبێژان نەبن پەروەردە پەكی دەكەوێت، تەنها لە كۆیە لە ٢٥٪ـی مامۆستاکان وانەبێژ، لە خوێندنگاکان.
ب.گ
Comments are closed.