قوباد تاڵەبانی وەڵامی وەزارەتی دەرەوەی دەوڵەتی داگیرکەری تورکی دایەوە

ناوەندی هەواڵەکان

جێگری سەرۆک وەزیران، پێشوازیکرد لە تۆرکیڵد بیگ، نوێنەری یەکێتی ئەورووپا لە هەرێمی کوردستان و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا ڕووداوی هێرشکردنە سەر هێزەکانی دژەتیرۆر لە فڕۆکەخانەی عەربەت تاوتوێ کرا .

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، جگە لە دژە تیرۆری کوردستان هیچ هێزێکی دیکە لە فڕۆکەخانەی عەربەت نەبووە .

دوێنێ شەو وەزارەتی دەرەوەی دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە ڕاگەیەنراوێکدا، هێرشکردنە سەر فڕۆکەخانەی کشتوکاڵی عەربەتی ڕاگەیاند بە پاساوی بوونی هێزی ئەمنی دژبەری لێبوە، ئەمڕۆ لە هەولێر قوباد تاڵەبانی لەگەڵ نوێنەری یەکێتی ئەوروپا کۆبۆیەوە و بە توندی پاساوی لایەنی هێرشبەری رەتکردەوە و رایگەیاند، شەهیدەکان و بریندارەکانی رووداوەکە هەموویان پێشمەرگەی قارەمانی کوردستان و ئەندامی هێزەکانی دژەتیرۆر بوون و بە هیچ شێوەیەک جگە لە هێزی دژە تیرۆر، هیچ هێزێکی دیکە لە فڕۆکەخانە نەبووە .

لەوچوارچێوەیەدا نوێنەری یەکێتی ئەورووپا، بە توندی ئیدانەی بۆردومانکردنی فڕۆکەخانەی عەربەتی کرد و هیوای خواست جارێکی دیکە رووداوی لەو شێوەیە دووبارە نەبێتەوە.

جێگری سەرۆک وەزیران لەوبارەیەوە ڕایگەیاند، ئەم رووداوە پێشهاتێکی مەترسیدارە و تیایدا هێزێکی فەرمی عێراقی و کوردستانی کراوەتە ئامانج کە هێزی دژەتیرۆری کوردستانە و بۆ هەموولایەکیش ئاشكرایە، کە ئەو هێزە لە سەرەتای دامەزراندنییەوە بە درێژایی دوو دەیە هاوکار و هاوپەیمانی سەرەکی هێزەکانی هاوپەیمانان بووە لە شەڕی دژەتیرۆردا.

جێگری سەرۆک وەزیران داواشیکرد، حکومەتی عێراق و هاوپەیمانان و یەکێتی ئەورووپا بۆ پاراستنی سەروەری عێراق و رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە پێشێلکارییانە، هەنگاوی کردەیی بنێن و سنوورێک بۆ ئەو هێرشە سەربازییانە دابنێن کە دەکرێنەسەر خاکی هەرێم و عێراق.

 

ر.س

Comments are closed.