زیانی گەردەلولە بەهێزەکەی چین ئاشکرا دەکرێت

ناوەندی هەواڵەکان

گەردەلولێکی بەهێز رووی لە ناوچەیەکی رۆژهەڵاتی چین کرد و بەهۆیەوە ١٠ کەس گیانیان لەدەستدا، بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان تەنها لە دوێنێدا ١٣٧ خانو و باڵەخانە لە ئەنجامی ئەو گەردەلولە ڕوخاون و ٤٠٠ کەسیش ڕەوانەی نەخۆشخانەکان کراون.

میدیای “سی سی تی ڤی” فەرمی چین بڵاویکردەوە، گەردەلولێکی بەهێز لە دوا نیوەڕۆی دوێنێ سێشەممە، ڕووی لە شاری سوچیانی سەر بە ناوچەی جیانگسۆ کرد و بەهۆیەوە چەند کەسێک گیانیان لەدەستدا و زیانی ماددیش بەر چەندین خانو و باڵەخانەی ناوچەکە کەوت.

بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان، ١٣٧ خانو و باڵەخانە زیانیان بەرکەوتووە، ٤٠٠ کەسیش برینداربون و رەوانەی نەخۆشخانەکان کراون و ١٠کەسیش گیانیان لەدەستداوە.

هاوکات، ناوەندەکانی کەشناسی چین، لە بارەی بەردەوامبوونی بارانی بە خوڕ و چالاکبوونی ڕەشەبا لە چەندین ناوچەی وڵاتەکە هۆشداری دەدەن.

لە مانگەکانی ڕابردوو ناوچەکانی رۆژهەڵاتی چین رووبەڕووی شەپۆلێکی گەرمای توند بوونەوە و لەگەڵیدا رێژەی شێ بەرزبوە و ناوەندەکانی کەشناسی، دۆخی کەشوهەوای ئەو وڵاتەیان بە هاوشێوەی “ساونا” وەسف دەکرد.

لە ئێستاشدا ماوەی دوو رۆژە شەپۆلی باران بارینی بەهێز و چالاکی ڕەشەبا رووی لەو ناوچانەی رۆژهەڵاتی چین کردوە.

 

ر.س

Comments are closed.