باران گەرمیانی
عەلی کەریمی، چاودێری سیاسیی باس لەوە دەکات، پارتەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە بەرامبەر بڕیاری چەککردنیان هیچ کاردانەوەیەکیان نەبوو، سەرکردەکانیان لە خۆشترین ژیان و گەشت کردن بە وڵاتاندا بوون، دەشڵێت: پەدەکە بۆ شەڕی پەکەکە لە باڵەکایەتیی و هەڵگورد دایانی نابوو، دەبوایە ببووایەن بە سەرمەشقی سەرهەڵدانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیی، بەڵام هیچیان نەکرد.
عەلی کەریمی، چاودێری سیاسیی کورد، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ ئاژانسی ڕۆژنیوز، کە بە سێ بەش بڵاو دەبێتەوە، لە بارەی چەککردنی حزبەکانی ڕۆژهەڵات کە نیشتەجێی باشووری کوردستانن و کۆکردنەوەیان لە کامپە زۆرەملێکاندا، هەروەها بێهەڵوێستی و رادەستبوونیان و بەکارهێنانیان لەلایەن پەدەکەوە، دەدوێت.
عەلی کەریمی لەم بەشەی چاوپێکەوتنەکەیدا تیشک دەخاتە سەر دۆخی حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە درووستبوونی کۆمەڵەی ژێکاف و کۆماری مهاباد و دەرکەوتنی سەرکردەی وەک قازی محەمەد و قاسملۆ و شەرەفکەندیی و کاک فواد و چەندین پێشەنگی تر، تا دانانی چەک و نیشتەجێبوونیان لە کامپە زۆرەملێکاندا و دەستهەڵگرتن لە خەبات.
“پارتەکانی ڕۆژهەڵات هیچ کاردانەوەیەکییان نەبوو ”
لە سەرەتای چاوپێکەوتنەکەدا عەلی کەریمی ئاماژەی بەوەدا، پارتەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کەمتەرخەم بوون، دەبووایە بیانزانیایە کە بە تەواوی ڕادەستی ڕاستیی نەبوون، ئەوەی ئێستا لە زڕگوێز و کۆیە و چیای هەڵگورد و هەندێک ناوچەی دیکە دەیبینین، بە واتای ئەوە دێت کە ڕادەستی بارودۆخی ڕاستیی بوون، ئێران داوای کرد لە ڕێگەی عێراق و هەرێمەوە پارتە ئۆپۆزسیۆنە کوردییەکان لە ناوچەکە بکشێنەوە، لە وەڵامی ئەوەدا هیچ نەکرا و تەنانەت بەیاننامەیە یان هیچ جۆرە کاردانەوەیەکییانیش نەبوو.
“ئێران و عێڕاق، بە جددی کاریان لەسەر دەکرد ”
وتیشی: ئەو پارتانە بە تەواوی ٣٣ ساڵە وتوویانە دەستمان لێ مەدەن جێگامان زۆر خۆشە ژیانێکی کامەرانیی و بۆرژوازی بەسەردەبەین، پێشمەرگەکانیان لە نەهامەتیی و بێ پارەییدا ژیان دەکەن، کە چی سەرکردەکانیان لە ژیانێکی خۆش و سەردانی وڵاتانی دەرەوە دەکەن، بیریان لەوە نەکردەوە ئێران و عێراق بە گاڵتەی نییە، بە جددی کار لەسەر داماڵینیان لە چەک و لە کامپ نانیان دەکات.
“پەدەکە بۆ شەڕی پەکەکە لە باڵەکایەتیی و هەڵگورد دایانی نابوو”
لە درێژەی قسەکانییدا ئەو چاودێری سیاسییە وتیشی: هەموو کەس دەزانێت لەو ناوچانەی کە نیشتەجێن ناتوانرێت شەڕ بکرێت، ناتوانرێت لە باڵەکایەتیی و چیای هەڵگورد شەڕی بنەماڵەی بارزانیی و ئێران بکرێت، چونکە بنەماڵەی بارزانی خۆی تۆی لەو جێگایە داناوە بۆ ئەوەی شەڕی پەکەکەت پێبکات و ببیتە مووی بەر لوتی هەڤاڵانی پەکەکە، ئێستا ئەو سوودەت بۆیان نەماوە کە هەموو مانگێک پارەت بۆ بنێرن، ئەوانەی تا دوێنێ بەغدایان تەڵاق دەدا، ئەمڕۆ خۆیان دەچنە بەغدا بوونی تۆ هیچ گرنگییەکی بۆیان نەماوە.
“دەبوایە ببوایەن بە سەرمەشقی سەرهەڵدانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیی ”
باسی لەوەش کرد کە دەبوو ئەو پارتانەی ڕۆژهەڵات لە یارییەکانی پەدەکە و دەوڵەتانی داگیرکەر تێبگەشتایەن و وتی: تەنها لە بارەگاکانی خۆیاندا دەخۆن و دەخۆنەوە و هیچ پلانێکیان نییە، ڕوونە کە لە کامپێک دەستبەسەر دەکرێیت، ئەو بارودۆخەی کە بەسەریاندا هاتووە، هەمووی لە ئەستۆی خۆیانە، بە تایبەت لەم ساڵەی کۆتایی، کە شۆڕشی ژن ژیان ئازادیی تەواوی شارەکانی ڕۆژهەڵات و ئێرانی گرتەوە، دەبوایە پلان و هەنگاوێکی تاکتیکیان بهاویشتایە و ببوایەن بە سەرمەشقی ئەو ناڕەزایەتیی و سەرهەڵدانە، بەڵام هیچیان نەکرد و داوای دانیشتن و لێکتێگەشتنیانیش نەکرد لەگەڵ ئێران.
هـ.ح
Comments are closed.