مەهران ڕەمەزان
ژنە توێژەر و وتارنووس، ڕاز ئەسعەد لە دواین وتاریدا بەناوی “ژن و ژیار”، دەیەوێت ڕۆڵ و کاریگەریی ژن وەک خۆی نیشانی کۆمەڵگە بدات و مێژووی نەگێڕدراوەی ژن وەک خۆی پێناسە بکات.
وتاری “ژن و ژیار”، کە لەلایەن ڕاز ئەسعەد و کامەران محەمەد بە هاوبەشیی نووسراوە، باس لە مێژوو و ڕۆڵی ژن لە پێشخستنی کۆمەڵگەکان و داهێنانە گرنگەکانی دەکات، بناغەی مێژووی شارستانیەتی کشتوکاڵییە.
لەم وتارەدا ئاماژە بەو ڕۆڵەی ژنان کراوە، کە مێژوو تیشکی نەخستۆتە سەر، ئەگەر باسیشی لێوەکردبێت وەک “هاوکاری پیاو” لە کۆمەڵگەدا ناوی بردووە، بۆ زیاتر شیکردنەوی ناوەڕۆکی وتاری “ژن و ژیار”، ڕۆژنیوز چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ ڕاز ئەسعەد ئەنجامدا.
دەقی چاوپێکەوتنەکە
پێمان بڵێ ڕاز ئەسعەد کێیە؟
ڕاز ئەسعەد لە وەڵامدا وتی: لە ١ی ڕێبەندانی ١٩٩٨ لە قەزایی پێنجوێن لە دایکبووم، ئێستا دانیشتویی شاری سلێمانیم، نزیکەی چوار ساڵە لە بواری پرسی ژنان و مێژووی ژن بابەت دەنووسم بە شێوەی کتێب و وتار بڵاویان دەکەمەوە.

باسی لە بەرهەمەکانی کرد و وتی: پەرتووکێکم بە ناونیشانی “میرزا مەنگوڕی و مێژووی ژن” بڵاوکردووەتەوە و سەرجەم کۆپییەکانی لێ فرۆشراون، هەروەها بەرهەمێکی دیکەم بەناوی “ژن و بزووتنەوەی مێژوو” بڵاوکردووەتەوە.
چ هۆکارێک وای لێکردین گرنگی بە پرسی ژنان بدەیت؟
لەم بارەوە ئەوەی خستەڕوو، کاتێک سەیری مێژووی ژن دەکەین، مێژوویەکی “پیاوانە” دێتە بەردەستمان، بەردەوام ژن وەک هاوکاری پیاوان باسی لێوەکراوە، ئەمەش وای کردووە “بەرگێکی پیاوانە” بە بەری بە ژن و ڕۆڵی ژناندا بکرێت، لەئەنجامدا بووەتە هۆکارێک بۆ ئەوەی مێژووی ژن بز بکەن، نەی کەن بە خاوەنی مێژوو و ڕۆڵ و پێگەی دەرنەخەن لە کۆمەڵگەدا.
دواین وتارت بە ناونیشانی “ژن و ژیار” بوو باسێکی ئەو وتارەمان بۆ بکە؟
باسی لە وتارەکە کردوو وتی: هەموو کاتێک وتوومە بۆئەوەی لە داهاتوو تێبگەین، دەبێت گوزەرێک بە ڕابردوودا بکەین، ئەگەر مێژووش کایەک بێت بەردەوام لە جوڵەدا بێت، دەبێت دانبەوەدا بنرێت سرووشتی میژوو سرووشتی جوڵەیە و هەگیز بۆ چرکەیەک وەستان لە مێژوو قبوڵ ناکات.
وتیشی: ڕەگەزە پێکهێنەرەکانی مێژووش برتین لە کات و مرۆڤ و شوێن، کەواتە ڕەگی ژن و مێژووی ژن لە کوێی ئەم مێژووەدایە و چ ڕۆڵ و کاریگەریەکی هەبووە؟ لە ڕێگەی وتاری “ژن و ژیار”ەوە، باس بوونیادنەریی شارستانیەتمان کردووە، کە “ژن”ە، تێیدا ئەوەمان خستۆتەڕوو کاتێک پیاوان لە کۆندا بە شاخەکاندا گەڕاون بۆ ڕاوکردن ژنان لە بەردەم ئەشکەوتەکاندا کشتوکاڵیان دۆزیووەتەوە و تۆویان ڕواندووە.
ئاماژەیی بەوەشدا، سەرەڕای ئەوەی ژن هێندە کاریگەری هەبووە لەسەر پێشکەوتنی شارستانیەت و ڕۆڵی هەبووە بۆ دروستکردنی گۆڕانکاری لە کۆمەڵگەدا، بەڵام مێژوو هەرگیز وەک خاوەن ڕۆڵ و پێگە باسی لێوەنەکردووە، بگرە زۆرجار بەبێ ئاگایی وەک هاوکاری پیاوان باسی کردووە.
ناوەڕۆکی وتاری “ژن و ژیار” چی لەخۆ دەگرێت؟
باسی لە ناوەڕۆکی وتاریی “ژن و ژیار” کردوو وتی: لەم وتارەدا باس لەوە دەکرێت، کە ژن چۆن لە ڕابردوودا کشتوکاڵیان دۆزیوەتەوە، کاریگەری تەواوەتی هەبووە لەسەر بەرەو پێشبردنی کۆمەڵگە و دروستکردنی گۆڕانکاریی لە هزری مرۆڤایەتیدا، بەڵام لە مێژووی چیرۆکەکاندا، لە چوارچێوەیەکی بچووکدا ڕۆڵیان بچوککراوەتەوە.
دەتەوێت لەڕێگەی وتاری “ژن و ژیار” چ پەیامێک ئاراستەیی کۆمەڵگە بکەیت؟
باسی لە پەیامی وتارەکە بۆ کۆمەڵگە کردوو وتی: دەمانەوێت ڕۆڵی “ژن” وەک خۆی نیشانی کۆمەڵگە بدەین، نەک ئەو ڕۆڵە سێبەرەی پیاوان لە مێژوودا بە ژنانیان داوە، ئەگەر بمانەوێت هاوسەنگی بۆ ژنان بگێڕینەوە، دەبێت بگەڕینەوە بۆئەوەی یەکسانی نێوان ژن و پیاو بەرجەستە بکەین لە نووسینەکاندا.
ڕاز ئەسعەد وتیشی: جیاواز لە چالاکیەکانی ژنان، کە بۆ یەکسانی ڕەگەزی کاری لەسەر دەکەن، لەم وتارەدا، باس لە ڕەگەزی ژن ناکەین، بەڵکوو هاتووین جارێکیتر ژن وەک خۆی دەناسێنین لە مێژوودا، ئەمەش دەبێتە پێناسەیەک بۆ میژووی ژن لە شارستانیەتدا، بە شێوازێک ژن تەنها هاوکارێکی پیاوان نییە لە ڕابردوودا، بەڵکوو بکەری گۆڕانکارییەکانی کۆمەڵگەیە، ئەگەر مێژوو بزوتنەوەی جوڵە بێت ئەوا بزوێنەرەکەی ژنە.
ش. ئـ
Comments are closed.