سوودانی داوا لە ناتۆ دەكات سەردانی عێراق بكەن

ناوەندی هەواڵەكان

سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران عێراق لە ئەمریكا لەگەڵ سكرتێری گشتی ناتۆ كۆبووەوە، سوودانی دەڵێت: عێراق لە پرۆسەی پێداچوونەوەدایە بۆ شێوازی پەیوەندییەكان لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتیدا، هەروەها بانگهێشتنامەیەكی ئاڕاستەی ناتۆ كرد، بۆ ئەوەی سەردانی عێراق بكەن.

نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆك وەزیران سەبارەت بە كۆبوونەوەی شەوی ڕابردووی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێرق و ینس ستۆلتنبێرگ ئەمینداری گشتی هاوپەیمانی باكووری ئەتڵەسی (ناتۆ) لە نیویۆرك بەیاننامەیەكی بڵاو كردەوە.

 لە بەیاننامەیەكدا هاتووە، شەوی ڕابردوو لە پەراوێزی بەشداریكردنیدا لە ٧٨مین كارەكانی كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكاندا، محەمەد شیاع سوودانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران عێراق لەگەڵ ینس ستۆلتنبێرگ ئەمینداری گشتی هاوپەیمانی باكووری ئەتڵەسی (ناتۆ) كۆبووەوە، لە كۆبوونەوەكە تاوتوێی چەند پرسێك كرا.

ئاماژە بەوەش كراوە، لەكۆبوونەوەكەدا سوودانی بانگهێشتنامەیەكی ئاڕاستەی ینس ستۆڵتنبێرگ كرد، بۆ ئەوەی سەردانی عێراق بكات، هەروەها ستایشی ئەو پشتیوانییانەی ناتۆی كرد، كە لە ماوەی جەنگی دژ بە داعشدا پێشكەشی عێراقی كرد، چی لە ڕێگەی بەشداریكردنی ڕاستەوخۆوە بێت لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكان یان لە ڕێگەی پێشكەشكردنی ڕاوێژكاری و ڕاهێنانی هێزە ئەمنییەكانی عێراق-ەوە بێت.

سوودانی جةختی لەسەر گرنگی هەماهەنگی لە بواری ئاڵوگۆڕكردنی زانیاری و بەدواداچوون بۆ سەرچاوە دارایییەكانی تیرۆر، كە لە هەموو وڵاتانی جیهاندا بڵاوبوونەتەوە، جگە لەو ئاستەنگیانەی كە پەیوەستە بە بازرگانیكردن بە ماددەی هۆشبەر و قاچاخچێتییەوە.

ئەوەش خراوەتەڕوو، حكومەت لە پرۆسەی پێداچوونەوەدایە بۆ شێوازی پەیوەندییەكان لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتیدا لە چوارچێوەی ئامادەیی هێزە ئەمنییەكانی عێراق، كە بۆ ئەم مەبەستە پێشتر شاندێكی وەزارەتی بەرگری عێراق سەردانی واسنتنیان كرد بوو.

لەلای خۆیەوە، ینس ستۆڵتنبێرگ سوپاسی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقی كرد، بۆ هەنگاوە چاكسازییەكانی و شكستپێهێنانی ڕێكخراوی چەتەكانی داعش و بەرپەرچدانەوەی مەترسییەكان نەك تەنها لە سەر عێراق، بەڵكو لەسەر گەلانی وڵاتانی هاوپەیمانیشدا.

لە كۆتاییشدا ستۆڵتنبێرگ وتی، بەردەوام دەبن لە ڕێزگرتن لە سەروەری عێراق و فراوانكردنی هاوكارییەكان لە پێشكەشكردنی ڕاوێژ و ڕاهێنان بۆ هێزە ئەمنییەكانی عێراق.

دوێنێ كارەكانی ٧٨ەمین دانیشتنی كۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە ژێر دروشمی “بنیاتنانەوەی متمانە و پردەكانی هاوپشتی جیهانی” دەستیپێكرد، بڕیارە كارەكانی لوتكەكە بۆ ماوەی هەفتەیەك بەردەوام بێت.

هـ.ئ

Comments are closed.