سەرۆکی یەکێتی پەرلەمانتاران: پاراستنی ئەندامانى کەنەکە لە ئەستۆی حکومەتى هەرێمى کوردستانە

هەولێر

جەمال قاسم سەرۆکی یەکێتی پەرلەمانتارانی هەرێم ڕایگەیاند، هێرشکردنە سەر بارەگای کەنەکە و شەهیدکردنی ئەندامێکیان کارێکی دووژمنانەیە و پاراستنی گیانی ئەندامانى کەنەکە لە ئەستۆی حکومەتی هەرێمدایە، دەشڵێت، دووژمنان یەکڕیزی گەلی کوردیان پێ قبووڵ ناکرێت.

پاشنیوەڕۆی ١٨ـی ئەم مانگە، لە شاری هەولێر هێرش کرایە سەر بارەگای کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان- کەنەکە، بەم هۆیەوە دەنیز جەودەت بەرپرسی نووسینگەی کەنەکە لە هەولێر و نوێنەری کەنەکە لە باشووری کوردستان تیرۆر کرا، تا ئێستا بکوژەکەی دەستگیر نەکراوە و تەرمەکەش ڕادەستى کەسوکارەکەى نەکراوەتەوە و هەر لە پزیشکی دادوەری هەولێر ماوەتەوە.

لەوبارەوە، جەمال قاسم، سەرۆکی یەکێتی پەرلەمانتارانی هەرێمى کوردستان بە ڕۆژنیوزى ڕاگەیاند، ئیدانەى هێرشکردنە سەر کەنەکە و تیرۆرکردنی ئەندامێکیان دەکەم، هێرشکردنە سەر بارەگای کەنەکە و فڕۆکەخانە کشتوکاڵی عەربەت کارێکى شەرمەزارییە.

باسى لەوەشکرد، کۆنگرەی نەتەوەی کوردستان تەنیا خەریکی چالاکی سیاسی خۆیانن لە باشووری کوردستان و هیچ سەرباز و هێزێکیان نییە بۆ پاراستن لە خۆیان، هەربۆیە پێویستە پارێزراوبن و ئەرکی حکومەتە پارێزگارى لە گیانى یەک بە یەکەیان بکات.

جەمال قاسم باسی لەوەشکرد، دووژمنان یەکڕیزی گەلی کوردییان پێ قبووڵ ناکرێت، بۆیە دەست بۆ هێرش و رووداوی لەم جۆرانە دەبردرێت، بۆیە داواکارین پارێزگاری لە ئەندامانى کەنەکە بکرێت.

لەکۆتاییدا ئەوەى خستەڕوو، وەکو یەکێتی پەرلەمانتارانی کوردستان داوامان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە، بارەگا و ئۆفیسی لایەنە سیاسییەکانی بپارێزرین، هەروەها کاربکرێت بۆ پارستنی گیانیان، تاوەکو ڕووداوی هاوشێوە دووبارە نەبێتەوە.

ئ.م

Comments are closed.