ناوەندی هەواڵەکان
دەنیز جەودەت بولبون ژیانێکی پڕ لە تێکۆشان و بەرخۆدانی لە خزمەتی مێژوو، سیاسەت و زمانی کوردیدا تێپەڕاند، هەم لە باکوور، هەم لە ڕۆژئاوا و هەمیش لە باشووری کوردستان، بولبون بە خەیاڵی درووستکردنی یەکێتیی نەتەوەیی کورد هاتە هەولێر، بەڵام دەستی دوژمن و خیانەت زەفەریان پێبرد و شەهیدیان کرد.
ڕۆژی ١٨ـی ئەیلول لە نووسینگەی نوینەرایەتی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان-کەنەکە، لە شاری هەولێری باشووری کوردستان، لە ئەنجامی هێرشێکی چەکداریدا ئەندام و نوێنەری کەنەکە لە باشووری کوردستان (دەنیز جەودەت بولبون) لەلایەن میتی تورک و هاوکاریی دەستی خیانەت شەهیدکرا.
بولبون یەکێکە لەو هەزاران کوردەی، کە بەهۆی زەبروزەنگ و ستەمی دەوڵەتی داگیرکەریی تورک، بە ناچاری زێدی باوباپیرانی بەجێهێشت و لە غوربەتدا ژیا، بەڵام بۆ ساتێکیش دەستبەرداری تێکۆشان نەبوو.
دەنیزی جەودەت بولبون، لە ساڵی ١٩٨٧ لە خێزانێکی وڵاتپارێز لە گوندی دێڵزی گەڤەری سەر بە ناوچەی جولەمێرگی باکووری کوردستان لەدایکبووە، تا قۆناغی ئامادەیی لە گەڤەر خوێندووە و چووەتە زانکۆی (یوزنجی ئیڵ) لە شاری وان، لە هەموو قۆناغەکانی خوێندنیدا، ڕووبەڕووی سەپاندنی زمانی تورکی و قەدەغەکردنی کەلتوور، زمان و ناسنامەی کوردیی دەبێتەوە، بەڵام هیچ کاتێک خۆی ڕادەستی شەڕی تایبەتی دەوڵەتی فاشیستی تورک نەکرد، بە پێچەوانەوە دەنیز ڕقئەستوور دەکات و دەست بە تێکۆشان دەکات لە پێناو و مێژوو و ڕاستینەی کورد.
دەنیز لەو قۆناغەدا دەبێتە بەڕێوەبەری کۆمەڵەی خوێندکارانی وڵاتپارێز، لەژێر فشاری فێرکردنی زمانی تورکیدا و هەوڵدان بۆ لە بیرکردنی زمانی دایک، بە پێداگرییەکی زۆرەوە بەرگریی لە زمان، وێژە و شوناسی کورد دەکات.
لە ساڵی ٢٠١١ بولبون، بۆ یەکەمجار لەسەر هەڵوێستە نەتەوەییەکانی دەستگیردەکرێت و دەکەوێتە زیندانەوە، بۆ ماوەی ساڵ و نیوێک لە زیندانی پیتی-F دەمێنێتەوە، ئەو کاتەی کە ئازاد دەکرێت لە کۆمەڵەیەکی لێکۆڵینەوە و پێشخستنی زمانی کوردییدا دەبێتە ئەندام.
لە ساڵی ٢٠١٤ لە خوێندنگەی سەرەتایی دایکە (ئوڤێش)ـدا دەبێتە مامۆستای زمانی کوردیی، بۆ ئەوەی منداڵان فێری زمانی دایک ببن و بە کوردیی قسە بکەن، بنووسن و بخوێنن بە حەز و خۆشەویستییەکی زۆرەوە ڕەنجی دا، ئەمەش دەبێتە هۆکارێک بۆ ئەوەی، تەنها لە پەروەردەکردن لەو خوێندگەیەدا نەوەستێت و لە ساڵی ٢٠١٤تا٢٠١٦ لە سەر مێژووی کورد و کوردستان لە ئەکادیمیای سیاسیی گەڤەردا وانە بڵێتەوە.
هەروەها جارێکی تر لە ئەنجوومەنی گەلی گەڤەردا دەبێتە ئەندام، دڵی خەڵک بەلای خۆیدا ڕادەکیشێت و لە کاتی کار و خەباتی ئەنجوومەندا زۆر چالاک دەبێت، دواتریش بەشداریی بەرخۆدانی خۆبەڕێوەبەریی باکوور دەبێت لە گەڤەر.
هەرچەندە دەنیز جەودەت، باکووری کوردستان و زێدی خۆی، بە هۆی زەختوزۆری دەوڵەتی تورکەوە بە ناچاری جێدەهێڵێت، بەڵام کۆڵ نادات و لە سەرەتادا بۆ ئەوەی شۆڕشی ئازادیی لە ڕۆژئاوای کوردستان لە نزیکەوە ببینێت بەرەو ئەوێ بەڕێ دەکەوێت، بۆ ماوەی سێ ساڵ لە ناو کار و خەبات و شۆڕشدا ماوەتەوە، لەو ماوەیەدا کارەکانی خۆی لە بواری لێکۆڵینەوەی وێژەی کوردیدا قوڵتر دەکات و دەست دەکات بە نووسینی کتێبێک لەسەر ئەو پرسە، لە ساڵی ٢٠١٩ دێتە هەولێر و لەو کاتەوە تا کاتی شەهیدبوونی لە هەولێر ماوەتەوە.
یەکێک لە خەیاڵەکانی دەنیز پێکهێنانی یەکێتی نەتەوەیی کوردبوو، بۆ ئەوەی کۆمەڵگای کوردیی بتوانێت بە شێوەیەکی ئازاد بژی یەکڕیزیی و یەکێتی کوردی بە بنەما دەزانی، کەنەکەشی بۆخۆی کردبوو بە ئامانج بۆ ئەوەی ئەو یەکێتییە بەدیبهێنن، بۆ ئەو مەبەستەش بوو بە ئەندام و نوێنەری کەنەکە لە باشووری کوردستان.
ساڵی ڕابردوو وەکو نوێنەری کەنەکە لە باشووری کوردستان زۆر کار و خەبات و چالاکی دیپلۆماسی ئەنجام دا، لە دوای خۆی میراتێکی پڕ لە تێکۆشان و بەرخۆدانی بەجێهێشت، بەو هیوایەی ڕۆژێک خەیاڵ و ئامانجەکانی بێتە دی، کە لە سەرووی هەموویانەوە درووستبوونی یەکێتی نەتەوەییە لە ناو کورداندا.
ب. ق
Comments are closed.