کەژەکە لە دژی خیانەت و قڕکردن بانگەوازی لە پێکهێنانی یەکێتی کوردستان دەکات

ناوەندی هەواڵەکان

کۆردیناسیۆنی کەژەکە، لە دژی خیانەتەکانی پەدەکە و بنەماڵەی بارزانیی، بانگەواز لە تەواوی گەلی کورد دەکات، کە تێکۆشان گەورەتر بکرێتەوە و هەنگاوەکانی پێکهێنانی یەکێتی نەتەوەیی خێراتر بکرێت.

کۆردیناسیۆنی کۆمەڵەی ژنانی کوردستان-کەژەکە، ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی هێڕشی سەر بارەگای نوێنەرایەتیی کەنەکە و هێڕشی سەر فڕۆکەخانەی عەربەت لە باشووری کوردستان بڵاوکردەوە و ڕایگەیاندووە، لە دژی دەوڵەتی داگیرکەریی تورک و پەدەکە، کە لەسەر هێڵی خیانەت کاردەکات، وەکو ژنان دەبێت بڵێین بوەستن، ڕێگە بە قڕکردنی کوردان و خیانەت پەدەکە نەدەین، تێکۆشانی خۆمان گەورەتر بکەین و ناسنامەی خۆمان بپارێزین.

ڕاگەیەندراوەکەی کۆردیناسیۆنی کۆمەڵەی ژنانی کوردستان-کەژەکە بەم شێوەیەیە:

لە ١٧ی ئەم مانگە لە هەولێر هێڕش کرایە سەر نوێنەرایەتی کەنەکە لە باشووری کوردستان، هەڤاڵ دەنیز جەودەت شەهید بوو، لەهەمان کاتدا هێرش کرایە سەر فڕۆکەخانەی عەربەت لە سلێمانیی و سێ پێشمەرگەی دژە تیرۆری یەنەکە شەهید بوو، بۆیە بە ڕێزەوە یادییان دەکەینەوە و سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی بنەماڵەکانیان و گەلی کورد دەکەین، دەبێت بزانرێت کە ئە هێرشانە بە هیچ شێوەیەک قەبوەڵ ناکەین و بە بەردەوامیدان و گەورەکردنی تێکۆشان لێپرسینەوە لە هێڵی خیانەت و سیاسەتیی لەناوبردنی کوردان دەکەین.

بۆ ڕێزگرتن لە دەنیز بولبون دەبێت هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی یەکێتی نەتەوەیی بگەیەنینە ئاستێکی باڵا

هەڤاڵ دەنیز کە بۆ پێکهێنانی یەکێتیی نەتەوەیی هەوڵێکی زۆری دەدا، لە کەسایەتیی ئەودا هێڕش کرایە سەر هەوڵە نەتەوەییەکانی کەنەکە، کەسایەتیی و هۆشمەندیی هەڤاڵ دەنیز لە هەوڵەکانی بۆ یەکێتیی نەتەوەیی کردی بە پێشەنگ، دەبێت بیرهێنانەوەی هەڤاڵ دەنیز بە لەناوبردنی خیانەت و پێکهێنانی یەکێتی نەتەوەیی بێت، گەر دوژمن بە هێرشکردنە سەر کەنەکە و شەهید کردنی هەڤاڵ دەنیز دەیەوێت ببێتە ڕێگر و هەوڵی لەناوبردنمان بدات، ئەوا دەبێت بیرهێنانەوەی شەهید دەنیز ببێتە وەڵامگۆی ئەو هەوڵانەی دوژمن و خەباتی خۆمان بەهێزتر بکەین، تەنها بەو شێوەیەش دەتوانین بەبیریبهێنینەوە.

کڕیار دەوڵەتی تورک و پەدەکەیە

هێرشکردنە سەر فڕۆکەخانە لە سلێمانی تەنها بۆ بەرفراوان کردنی ئامانجەکانی دەوڵەتی داگیرکەریی تورکە، کە بە هاوکاریی و سیخوڕی پەدەکە لە تەواوی باشووری کوردستاندا بڵاوبووەتەوە، بۆ ئەوەی ئەو هێزانەی ناسنامەی خۆی هەیە و تێکۆشانی خۆیان هەیە ڕادەستی دەوڵەتی تورک ببن، هەنگاوێکی هێرشی دەستیپێکرد، ئەو هێراشانەی لە چەند ڕۆژێکدا، لە ڕۆژئاوا، شنگال، برادۆست، سلێمانیی و هەولێر کراوە، دەرئەنجامی ئەو هەنگاوەیە، پەدەکەش لە زاپ و مەتینا بووە بە ڕێنیشاندەری هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵوتی داگیرکەریی تورک دەکات، لەماوەی ڕابردووشدا هەوڵی دەدا لە سنوورەکانی گەریلا لە ناوچەی برادۆست نزیک ببێتەوە و شەڕ دەستپێبکات، لای ئێمە ڕوونە سەرچاوەی ئەم هەوڵانەی پەدەکە دەوڵەتی تورکە، بەتایبەت دوای سەردانی هاکان فیدان بۆ عێراق و باشووری کوردستان، ئەو هێرشانە دەستیپێکرد.

دەوڵەتی داگیرکەریی تورک، لە هەوڵی لەناو بردنی گەلی کورد دەدات، پەدەکە و بنەماڵەی بارزانیش لە دژی ناسنامە و نەتەوەی کورد هاوکاریی ئەو هەوڵە دەکات، دەبێت گەلی کورد لە دژی ئەو هێرشانە و هاوکارییەکانی پەدەکە و بنەماڵەی بارزانیی هەڵوێستییان هەبێت و خەباتی خۆیان گەورەتر بکەنەوە و هەنگاوی پێکهێنانی یەکێتی نەتەوەیی خێراتر بکەنەوە.

ئەوەی دەمانگەیەنێت بە سەرکەوتن بەرخودانە لە دژی خیانەت و فاشیزم

ئەم هێرشانە بەمەبەستی لەناوبردنی دەستکەوتەکانی ٥٠ ساڵی ڕابردووی کوردە، دەوڵەتی تورک لە هێرشە قڕکارییەکانیدا و هاوکاری پەدەکەش لە خیانەتدا گەیشتوونەتە دوا رادەی خۆیان، دەبێت گەلەکەمان و ژنانی کورد هەڵوێستیان هەبێت لە دژی پەدەکە کە لە دژی گەلەکەی خۆی، لە دژی گەریلاکان کە شکۆی کوردایەتی دەپارێزن، لە دژی دامەزراوە دیموکراتییەکان و حزبەکان شەڕ دەکات، دەستکەوتە کوردستانیەکان هەڵدەوەشێنێتەوە و پێشکەشی دوژمنیان دەکات، باشووری کوردستان، هەولێر، کەرکوک ماڵی کەس نییە، ماڵ و موڵکی بنەماڵەی بارزانی نییە، چارەنووسی گەلی کورد، ژنانی کورد، چارەنوسی کوردستان بە هێڵی خیانەت دیاری ناکرێت، لە دژی خۆبەدەستەوەدان و خیانەت، کات کاتی بەرخودان و سەرکەوتنە.

ئامانجێکی دیکەی ئەم هێرشانە گەلانی عێراقن

ئامانجێکی دیکەی ئەم هێرشانە گەلانی عێراقە، دەیانەوێت پڕوپاگەندە و ناکۆکی ناوخۆیی لە کەرکووک، شنگال، مەخموور، سلێمانی و هەولێر دروستبکەن، ئەمە پلانی دەوڵەتی داگیرکەریی تورکە کە دەیەوێت لە بوشووری کوردستانەوە دەستپێبکات و هەندێک ناوچەی عێراقیش داگیربکات، دەوڵەتی فاشیستیی تورک دەڵێت ئێمە لە دژی گەلی کورد و عێراق شەڕ ناکەین، بەڵکو لەگەڵ پەکەکە شەڕ دەکەین، بەو شێوەیە هەوڵەدەدات پیلانە پیس و چەپەڵەکانی درێژە پێبدات، تەڤگەرەکەی ئێمە بۆ پێکهێنانی یەکێتیی دیموکراتی گەلانی کوردستان و عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تێکۆشانی خۆی دەکات، ئەوەی دەشبێت بە ڕێگر دەوڵەتی تورک و هاوکارەکانییەتی، بۆیە دەبێت سەرانی دەسەڵات لە عێراق و گەل لە دژی ئەم پیلانە هەڵوێست بنوێنن.

بانگەوازیی بۆ ژنانی کورد و هێزە کوردستانییەکان

فەلسەفەی ژن، ژیان، ئازادی لە کوردستان وەک فەلسەفەیەکی ژیانی نوێ و ژنی ئازاد بەرەوپێش چووە، ئەو فەلسەفەیە بە جیهانیبووە، کۆڵەکەی یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتیک لە کوردستان پشت بە ئیرادەی ژنان دەبەستێت، لە دژی فاشیزمی دەوڵەتی تورک و پەدەکە کە وەک هاوکار و داردەست لەسەر هێڵی خیانەت رێدەکات، دەبێت ئێمەی ژنان بڵێین بوەستە و تێکۆشانی خۆمان گەورە بکەین، لە بەرامبەر ئەو هێرشانە بۆ سەر ژیان، نەتەوە و ناسنامە دەبێت ئێمە لە هەموو شوێنێک بە ئیرادەی رێکخستنکراوی خۆمانەوە تێبکۆشین، لە دژی پلانەکانی لەناوبردنی کوردایەتی، دەبێت وڵات و ناسنامەمان بپارێزین و رێگە بە خیانەت و جینۆساید نەدەین.

داوا لە ژنانی کورد، کرێکاران، گوندنشینان، رۆشنبیران، ژنانی ئەکادیمی لە هەموو پارچەکانی کوردستان و دەرەوەی وڵات دەکەین کە لە قۆناغێکی مێژوویی بەم جۆرەدا، قۆناغی تێکۆشانی هاوبەش بەرەوپێش ببەن و رۆڵی مێژوویی خۆیان بگێڕن، دەبێت ژنانی کورد رۆڵی مێژوویی خۆیان بگێڕن و کارێک بکەن کە مێژوو دووبارە نەبێتەوە، هەربۆیە بانگی هەموو هێزە کوردستانییەکان و هەروەها ژنانی کورد دەکەین، کە لە سەر هێڵی بەرخودان گوڕ بە تێکۆشان بدەن و یەکێتیی کوردستانی ئازاد پێکبهێنن.

ب.گ

Comments are closed.