ناوەندی هەواڵەكان
قەیس خەزعەلی ئەمینداری گشتی بزووتنەوەی عەسائیب ئەهلی حەق لە بارەگای خۆی لە بەغدا پێشوازی لە بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەنەكە كرد، هەردوولا تاوتوێی هێرشەكەی دەوڵەتی داگیركەری توركیان بۆ سەر فڕۆكەخانەی كشتوكاڵی عەربەت كرد.
دوای ئەوەی فڕۆكەخانەی كشتوكاڵی عەربەت لەلایەن دەوڵەتی داگیركەری توركەوە بۆدومان كرا، لە دوێنێوە بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەنەكە لە بەغدای پایتەختە و لەگەڵ بەشێك لە سەرۆك حزبە سیاسییەكانی عێراق كۆبووەوە، كەمێك پێش ئێستاش لەگەڵ خەزعەلی كۆبوەوە.
میدیاکانی یەنەکە بڵاویان كردەوە، كەمێك پێش ئێستا قەیس خەزعەلی ئەمینداری گشتی بزووتنەوەی عەسائیب ئەهلی حەق لە بارەگای خۆی لە بەغدا پێشوازی لە بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەنەكە كرد، هەردوولا باسیان لە دیارترین پێشهاتەكانی عێراق كرد.
ئاماژە بەوەش كراوە، لە كۆبوونەوەكەدا هەردوولا بە توندی ئیدانەی هێرشەكەی دەوڵەتی توركیان بۆ سەر فڕۆكەخانەی كشتوكاڵی عەربەت لە پارێزگای سلێمانی كرد، هەروەها جەخت لە گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بۆ سنوورداركردنی ئەو پێشێلكارییانە كرایەوە.
ئەوەش خراوەتەڕوو، لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا خەزعەلی و تاڵەبانی جەختیان لەسەر چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی ناوەندی كردەوە، لە چوارچێوەی دەستوور و یاسادا، هەروەها ڕێگەنەدان بە پەرەسەندنی كێشەكان، كە ببێتە هۆی مەترسی لەسەر ئاسایش و سەقامگیری وڵات.
لە كۆتایی كۆبوونەوەكەدا، بافڵ تاڵەبانی سوپاسی هەڵوێستە نیشتمانپەروەرانەكانی قەیس خەزعەلی و ڕۆڵی دیار كرد.
هـ.ئ
Comments are closed.