سوودانی و ئیبراهیم ڕەئیسی لە ئەمریكا كۆبوونەوە

ناوەندی هەواڵەكان

شەوی ڕابردوو، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق و ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆكی كۆماری ئێران لە شاری نیویۆركی ئەمەریكا كۆبوونەوە، هەردوولا تاوتوێی چەند دۆسییەكی هاوبەشی نێوانیان كرد، لەوانە دۆسییەی ئەمنی و ئابووری و سیاسی.

نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق سەبارەت بە كۆبوونەوەكەی شەو ڕابردووی محەممەد شیاع سوودانی و ئیبراهیم رەئیسی لە نیویۆك، ڕاگەیاندراوێكی بڵاوی كردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەەدا هاتووە، سەرۆك وەزیرانی عێراق سەرۆك كۆماری ئێران لە شاری نیویۆرك كۆبوونەوە، لە كۆبوونەوەكەدا باس پێویستی خێراكردنی هەوڵەكان بۆ سەرخستنی پڕۆژە هاوبەشەكانی نێوان هەردوو وڵات كرا، هەروەها جەختی لە گرنگی چەسپاندنی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا لە بوارە جیاجیاكاندا كرایەوە.

لە كۆبوونەوەكەدا سوودانی جەختی لەوە كردەوە، هەرگیز ڕێگە نادان خاكی عێراق بۆ هێرشكردنە سەر وڵاتانی دراوسێ بەكاربهێندرێت، هەروەك چۆن سازش لەسەر ئاسایش و سەروەری عێراق ڕەتدەكەنەوە.

سەرۆك وەزیرانی عێراق وتیشی، پێویستە هەموو ئەو كێشانەی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا هەن وتوێژیان لەسەر بكرێت، بە مەبەستی گەیشتن بە چارەسەری ڕیشەیی بۆ قەیرانەكان.

دوێنێ كارەكانی ٧٨ەمین دانیشتنی كۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە ژێر دروشمی “بنیاتنانەوەی متمانە و پردەكانی هاوپشتی جیهانی” دەستیپێكرد، بڕیارە كارەكانی لوتكەكە بۆ ماوەی هەفتەیەك بەردەوام بێت.

هـ.ئ

Comments are closed.