ناوەندی هەواڵەکان
ناکۆییەکانى نێوان ئەرمینیای و ئازەربایجان لەسەر هەرێمی ناگۆرنۆ-قەرەباغ تا دێت قوڵتر دەبێتەوە و شەڕ لەنێوان هەردوو وڵات لەسەر هەرێمەکە گەیشتووەتە ئاستى کۆنترۆڵکردنى خاکی یەکتر، هەریەکە لە ڕووسیا و تورکیاش لەپێناو بەرژەوەندییەکانى خۆیان دەستوەردان لە دۆخەکە دەکەن، بەڵام بە هەوڵی ڕووسیا ئێستا ئاگربەست لەنێوان ئەو دوو وڵاتە ناکۆکە ڕاگەیەنراوە.
هەریەکە لە ئەرمینیا و ئازەربایجان دوو وڵاتی نێو یەکێتی سۆڤیەتی جاران بوون، کە دوای هەڵوەشاندنەوەی یەکێتیەکە لە ساڵی ١٩٩١ هەردوو وڵاتی خستە بەرەی شەڕەوە، کە شەڕەکەش لەسەر ناوچەی ناگۆرنۆ-قەرەباغ درووست بوو.
هەرێمی ناگۆرنۆ-قەرەباغ هەرێمێکە دەکەوێتە باشووری ڕۆژئاوای ئازەربایجان و لەبنەمادا خاکی ئازەربایجانە، بەڵام بەزۆرینەى دانیشتوانەکەى ئەرمینین و لە ساڵی ١٩٩٤ وە لەلایەن حکومەتى ئەرمینیاوە تا کە چەند مانگی ڕابردوو بەڕێوەدەبران.
ناکۆییەکان لەسەر ئەو هەرێمە لەنێوان ئەرمینیا و ئازەربایخان بەدرێژایی ئەم چەندین ساڵە هەر بەردەوام بوو، بەڵام لە ساڵی ٢٠٢٠ـدا گەیشتە بەرزترین ئاست و لە ماوەی شەش هەفتەدا هەزاران هاوڵاتی بوونە قوربانی.
هەرچەندە لەو ماوەیەدا هێزە ئاشتیپارێزەکانی ڕووسیا توانیان ئاگربەست لەنێوان هەردوولا ڕابگەیەنن، بەڵام جارێکی دیکە لە ساڵی ٢٠٢٢ و ٢٠٢٣ـدا جەنگ لەنێوان ئەو دوو وڵاتەدا سەری هەڵدایەوە، لە ساڵی ١٩٩٤ وە تا ئێستا ملیۆنان کەس لەو هەرێمە ئاوارەبوون و دەیان هەزار قوربانی.
ناگۆرنۆ-قەرەباغ، کە لە ئەرمینیا بە شەڕی ڕزگاری ئارتسەخ ناودەبرێت، ناکۆکییەکی نەژادی و جوگرافی بوو کە لە کۆتایییەکانی ١٩٨٠ـکاندا، لە هەرێمەکە سەری هەڵدا، زۆرینەى دانیشتوانى هەرێمەکە لە ئەرمەنیی پێکدێن و ئەرمینیا پاڵپشتیان دەکات، بەشێکی دیکە لەدانیشتوانەکەی ئازەری شیعەن کە ئازەربایجان پشتیوانیان دەکات، ئەم ناکۆکی و ململانێ هەرێمیەش یەکێکە لە ناکۆکییە ماوە درێژانەی کە لە کۆتاییەکانی سەدەی بیستەوە تاکو ئێستا بەردەوامە.
ڕێڕەوی لاچین چییە؟
ڕێڕەوی لاچین تاکە ڕێگایەکە کە هەرێمی ناگۆرنۆ-قەرەباخ بە کۆماری ئەرمینیاوە دەبەستێتەوە کە دانیشتوانەکەى نزیکەی ١٢٠ هەزار کەس دەبن کە زۆرینەیان ئەرمەنین.
ئازەربایجان لە مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢دا گەمارۆیەکی توندی خستە سەر ڕێگاکە، کە تاکە ڕێگای سەرەکییە بۆ گەیاندنی پێداویستی و کەلوپەل بۆدانیشتوانى ئەو هەرێمە کە لە چەند مانگی ڕابردوودا بەهۆی کەمی و نەبوونییەوە پێداویستییەکانەوە دەیاناڵاند.
هەرچەندە ئازەربایجان کۆماری ئەرمینیا بەوە تۆمەتبار دەکات کە ڕێگاکەی بەکارهێناوە بۆ گەیاندنی چەکی سەربازی بە گرووپە ئەرمەنییە یاخییەکانی هەرێمەکە، بەڵام ئەرمینیا ئەوە ڕەتدەکاتەوەو وەکو بیانوویەکى ئازەربایجان لێکی دەداتەوە بۆ دەستبەسەرداگرتنى ئەو هەرێمە.
گەورەترین ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی ساڵی ٢٠٢٠ ڕوویدا و یئازەربایجان تەواوی هەرێمی ناگۆرنۆ-قەرەباغ ـی داگیرکرد، سەرجەم ئەو ناوچەکانى دەوروبەری هەرێمەکەشی کۆنتڕۆڵکردەوە کە لە ساڵی ١٩٩٤ەوە لەدەستى ئەرمینیادا بوون.
دەستوەردانى ڕووسیا و تورکیا لە ناکۆکییەکاندا
سەرەڕای قوڵی ناکۆکییەکانى نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان بەتایبەت لەسەر پرس هەرێمی ناگۆرنۆ-قەرەباغ، چەند وڵاتێکی ناوچەکەش دەستوەردانیان لە دۆخەکە کرد، تورکیا یەکەم وڵات بوو لە ساڵی ١٩٩١دا دانی بە سەربەخۆیی ئازەربایجاندا نا و تا ئێستاش وەک لایەنگری سەرسەختی ئەو وڵاتە ماوەتەوە، تەنانەت بەشێک لە دەسەڵاتدارەکانى تورکیا گەلی تورکیا و ئازەربایجان وەک یەک گەل لە ناو دوو وڵاتدا وێنا دەکەن.
هەریەکە لە ڕووسیا و تورکیا به درێژایی ئەم چەند ساڵە کەم و زۆر دەستوەردانیان کردوە و دەستیان لە ئالۆزبوونى دۆخەکەدا هەیە، بە جۆرێک باس لەوە دەکرێت کە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی بایراکتەری دروستکراوی تورکیا لە ساڵی ٢٠٢٠دا ڕۆڵێکی چارەنووسسازیان گێڕاوە لە شەڕەکەدا و ئەمەش ڕێگەی بە ئازەربایجان داوە دەستکەوتی گرنگ لە هەرێمەکەدا بەدەستبهێنێت.
لەبەرامبەردا ئەرمینیا لە بنەڕەتەوە پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ ڕووسیادا هەبووە، بەشێوەیەک کە لە ئەرمینیا بنکەیەکی سەربازی ڕووسیا هەیە و هەردووکیان ئەندامی هاوپەیمانی سەربازیی ڕێکخراوی پەیمانی ئاسایشی بەکۆمەڵ (CSTO)ن کە پێکهاتووە لە شەش دەوڵەتی پێشووی سۆڤیەت.
هەرچەندە لە ساڵی ٢٠١٨ و دوای ئەوەی “نیکۆڵ پاشینیان”بووە سەرۆک وەزیرانی ئەرمینیا و ڕەخنەی لە حکومڕانی ڕووسیا گرت پەیوەندییەکانیان بەرەو لاوازی چووە، هەر لەم مانگەدا ئەرمینیا مانۆڕی سەربازی لەگەڵ هێزەکانی ئەمریکا ئەنجام دەدات کە لە لایەن مۆسکۆوە بە ‘هەنگاوێکی نا-دۆستانە’ ڕەخنەی لێگیرا.
لە میانی کۆڕبەندێکی ئابووریدا، ڤلادیمێر پوتین سەرۆک کۆماری ڕووسیا ڕەتیکردەوە، ئەرمینیا هاوپەیمانی خۆی لەگەڵ ڕووسیا پچڕاند بێت، بەڵام ڕایگەیاند کە یەریڤان “لە بنەڕەتدا دانی بە سەروەری ئازەربایجاندا ناوە بەسەر ناگۆرنۆ قەرەباخدا، ئەگەر ئەرمینیا خۆی دانی بەوەدانا نابێت کە قەرەباخ بەشێکە لە ئازەربایجان، [ئێمە] چی بکەین؟”.
ئەوەى سەرنجڕاکێشە ئەوەیە لە ساڵی ١٩٩٤وە ڕێککەوتنی ئاشتییان واژۆ نەکردووە و سەرەڕای دانوستانەکان بەدرێژایی ئەو ساڵانە نەیانتوانیوە بگەنە ڕێککەوتنێکی گشتگیر و پەیوەندی دیپلۆماسی فەرمیشیان نییە، تائێستاش چەندین جار ئاگربەستیان بۆ ڕاگرتنی شەڕ ڕاگەیاندوە، کە دوایەمینیان ئاگربەستی ڕۆژی چوار شەممەی ئەم هەفتەیە بوو بە نێوەندگیری ڕووسیا، هاوکات گفتوگۆکانیش بۆ گەیشتن بەڕێککەوتن بەردەوامە.
هـ.ح
Comments are closed.