هۆڕەكانی عێراق ساڵانە پێویستیان بە شەش ملیار مەتر سێجا ئاو هەیە

ناوەندی هەواڵەكان

وەزیری سەرچاوە ئاوییەكانی عێراق ڕایگەیاند، بۆ ئەوەی هۆڕەكانی باشووری وڵات لەو وشكەساڵییە سەختەی ئەمساڵ و لە لەناوچوون بپارێزرێن، ساڵانە پێویستیان بە نزیكەی شەش ملیار مەتر سێجا ئاو هەیە.

عەون زیاب وەزیری سەرچاوە ئاوییەكانی عێراق دوای ئەوەی سەردانی پارێزگای میسانی كرد و لەگەڵ بەرپرسانی پارێزگاكە سەبارەت بە پڕۆژەكانی شارەكە كۆبووەوە، كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی ئەنجامدا.

عەون زیاب لە كۆنگرەكەدا ڕایگەیاند، هۆكاری سەردانەكەی بۆ پارێزگای میسان پێداچوونەوە بووە، بەو پڕۆژانەی وەزارەت كە لە پارێزگاكە جێبەجێكراون، هەروەها بۆ گفتوگۆكردن لەسەر كۆمەڵێك بژاردەی پێویست و گرنگ بۆ پەرەپێدانی كەرتی ئاو.

ئاماژەی بەوەش كرد، لەگەڵ بەرپرسانی میسان  تاوتوێی چۆنیەتی پاراستنی هۆڕەكانمان كرد، بەتایبەتی هۆڕەكانی حەویزە كە بە یەكێك لە هۆڕە گرنگەكانی عێراق دادەنرێت، بەتایبەتی دوای ئەوەی خرایە لیستی شوێنە گرنگەكانی جیهانەوە.

ڕوونیشی كردەوە، لەم وەرزەدا هۆڕەكان زیانێكی زۆریان بەركەوت، پێشبینییەكانی داهاتوو ئەرێنییە، هۆڕەكان ساڵانە پێویستیان بە ڕێژیەكی دیاركراوی ئاو هەیە، دەبێت بەلایەنی كەمەوە ساڵانە پێنج ملیار و ٨٠٠ ملیۆن مەتر سێجا ئاو بگاتە هۆڕەكان، پێویستە پارێزگای میسان پشكی ئاوی تەرخانكراوی خۆی  بۆ هۆڕەكان وەربگرێت.

دەوڵەتی داگیركەریی تورك ئاوی ڕووباری دیجلە لە ڕێگەی بەنداوی ئیلیسۆوە دەگرێتەوە، لە كاتێكدا ئاوی ڕووباری فورات لە ڕێگەی بەنداوی ئەتاتوركەوە دەگرێتەوە، دەوڵەتی تورك ماوەی پێنج ساڵە پشكی  ئاوی سووریا و عێراق بە ڕێژەی ٦٠٪ بۆ ٧٠% لە ڕووبارەكانی دیجلە و فورات دەدزێت، ئەمەش كاریگەریی لەسەر ژیانی ملیۆنان كەس دروستكردووە.

هـ.ئ

Comments are closed.