ناوەندی هەواڵەکان
لە هەرێمی فورات، ٢٠مین ساڵیادی دامەزراندنی پەیەدە، بە جۆشێکی بەرزەوە پیرۆزکرا و ئەحمەد خۆجە، ئەندامی ئەنجوومەنی گشتیی پەیەدە ڕایگەیاند، پارتەکەمان لەسەر بنەمایەکی ستراتیژیی دیموکراتیی خۆی دامەزراندوە.
دوێنێ، لە هۆڵی فورات لە هەرێمی فورات، ٢٠مین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی یەکێتیی دیموکرات-پەیەدە، بە ئامادەبوونی ڕێژەیەکی بەرچاو لە هاوڵاتییانی نەتەوە جیاوازەکانی هەرێمەکە، نوێنەرایەتیی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و خانەوادەی شەهیدان بە جلوبەرگی کوردییەوە بەرز ڕاگیرا.
سەرەتای ساڵیادەکە بە خولەکێک وەستان بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدانی ڕێگای ئازادیی دەستیپێکرد، پاشان ئەحمەد خۆجە، ئەندامی ئەنجوومەنی گشتیی پەیەدە وتەیەکی پێشکەشکرد و وتی، پەیەدە لە بارودۆخێکی سەختدا دامەزرا، بە تایبەت ئەو لە کاتی ئەو پڕۆژەیەی، کە بە ناوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ ئامادە دەکرا، بۆیە پارتەکەمان لەسەر بنەمایەکی ستراتیژیی دیموکراتیی خۆی دامەزراند.
ئەوەشى خستەڕوو، پەیەدە لەسەر بنەمای ئازادیی ژن و دیموکراسیی دروستبووە، هەژموونی دەسەڵاتی کاپیتاڵیزم پلانێکی چەوت و خراپی دەستپێکردبوو لە دژی گەلی کورد و نەتەوەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ڕژێمی نەتەوەپەرستیی بە شێوەیەکی هۆڤانە هێڕشی کردە سەر پارتەکەمان، ئامانجیشی هەڵوەشاندنەوەی ڕێکخستنەکانمان بوو، بە دەیان ئەندامی پێشەنگمان دەستگیر و شەهید کرا، ئێمەش تا کۆتایی لەسەر ڕێبازی شەهیدانمان بەردەوام دەبین.
دواتر، ئایشە ئەفەندی، هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی خانەوادەی شەهیدانی هەرێمی فورات وتەیەکی پێشکەش کرد و تێیدا ئاماژەی بە دەستکەوتەکانی پەیەدە کرد و وتی، لە شەڕی کۆبانێدا بە ڕۆحییەتیی ئاپۆیی لە دژی دوژمنان سەرکەوتین، هۆکاری ئەم سەرکەوتنەش ڕۆحی ئەو سەفەربەرییە بوو، کە ڕێبەر ئاپۆ دەستیپێکردبوو، ئێستاش بەهەمان ڕۆحییەت و هەستەوە دەژین، دەشبێت لە دژی هێڵی خیانەت هەڵوێستمان هەبێت، سەرکەوتنمان بە فکری ڕێبەر ئاپۆ و شەهیدان مسۆگەرکرد.
لە کۆتاییدا، خەڵاتی ڕێزلێنان درا بە خانەوادەی شەهید شیلان، پاشان بە چالاکیی هونەریی لە لایەن گرووپی باقی خدۆ پێشکەشکرا.
ب.ج
Comments are closed.