چوارەمین ڤیستیڤاڵی پایزەی ژنانی دەست ڕەنگین لەشارەزوور بەڕێوەچوو

هەڵەبجە

ژنانی دەست ڕەنگینی شارەزوور لەڤیستیڤاڵێكی پایزەدا تواناو كارەكانی خۆیان خستەڕوو، پێشانگاكەیان بەگرنگ دەزانن، چونكە ئەوكارانەی كردویانە پیشانی میوانەكان دەدرێت و بازاڕێكیش دەبێت، بۆ ساغكردنەوەی بەرهەمەكانیان .

ئەمڕۆ چوارەمین ڤیستیڤاڵی پایزەی ژنانی دەستڕەنگین لەپاركی نالی شارۆچكەی شارەزوور بەڕێوەچوو، تێیدا ژنان كارەكانی خۆیان خستەڕوو.

ڕێنما هادی

ڕێنما هادی، بەشدار لەپێشانگاكە بۆ ڕۆژنیوز وتی: ئەمساڵ چوارەمین ڤیستیڤاڵی پایزە بۆ كارە دەستییەكانی ژنان بەڕێوەدەچێت، تێیدا ٢٥ ژن بەبەرهەمی جۆراجۆری كارە دەستیەكانیان بەشدارییان لە پێشانگاکە کردوە، لەوانە خواردەمەنی، كاری دەستی، چنین و جلوبەرگی ژنان.

وتیشی: كۆمەڵێك لەژنانی بەهرەمەند هەیە پێویستە تواناكانی خۆیان لەڕێگەی ئەم جۆرە پێشانگایانەوە بخەنەڕوو، پشتگیری بكرێن، ئامانجمان لەپێشانگاكە ئەوەیە، ژنان تواناو بەهرەكانیان بخەنەڕوو، بازاڕێكی تایبەت بۆ بەرهەمەكانیان دروست بکەن .

نیگار عومەر، یەكێكی دیكەیە لەبەشداربوەكانی ناو پێشانگاكە و قسەی بۆ ڕۆژنیوز كردوو وتی:

نیگار عومەر

یەکەمجارە بە بەرهەمی هەورامان و هەڵەبجە بەشداریمان لەم ڤیستیڤاڵەدا کردوە، هەموو شتەكانمان خۆمان دروستی دەکەین، وەكو دۆشاوی توو، مرەبای بەهێ، هەنجیر و دۆینەو تەواوی بەرهەمەكانمان سروشتی و خۆماڵیە.

سەبارەت بە گرنگی ئەم جۆرە ڤیستیڤاڵانە ئاماژەی بەوەدا، دەتوانن بەرهەمەكانیان بخەینەڕوو لەم پێشانگایانەدا، كڕیار ئاشنایەتیەكی تەواو پەیدا دەكات لەسەر بەرهەمەكانیان، هاوكات داهات و ئابورییەكی سەربەخۆشە بۆ ژنان.

ر.س

Comments are closed.