ناوەندی هەواڵەکان
لە دوای تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر دەرچوونی ڕێنمایی ژمارە ٢ی ساڵی ٢٠٢٢ کە ڕێنمایی جێبەجێکردنی یاسای چەکە لە هەرێم، بەبڕیاری وەزارەتی ناوخۆ هەرکەسێک دوای مانگی تەمووزی ٢٠٢٣، چەکی بێ مۆڵەتی پێبگیرێت دەستگیر دەکرێت، لە هەڵمەتەکەی وەزارەتی ناوخۆش توانراوە ١٨ هەزار چەکی بێ مۆڵەت تۆمار بکرێت .
ئەمڕۆ وادەی تۆمارکردنی چەکی بێمۆڵەت کۆتایی هات و پۆلیسی هەرێمیش دەڵێت، تا ئێستا هیچ وادەیەک بۆ درێژکردنەوەی نییە و ١٨ هەزار چەکی سوک و مام ناوەند تۆمارکراون .
دوای ئەوەی ٤٨ بنکە لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان تەرخانکرا بە تۆمارکردنی چەکی بێمۆڵەت کە بەدەستی هاوڵاتیاندان، بەپێی داتاکانی پۆلیسی هەرێم، توانراوە نزیکەی ١٨ هەزار چەک تۆمار بکەن، کە زۆرینەی چەکی کڵاشینکۆف و دەمانچە بوون .
کارزان ئەمیر، وتەبێژی پۆلیسی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، ئەوەی کراوە مۆڵەتدان نییە بەو چەکانە، بەڵکو چەند لیژنەیەکی دیکە دواتر فۆڕمەکان سەیر دەکاتەوە و بڕیار لەبارەی مۆڵەتەوە دەدرێت، لەئەمڕۆوە چەکی بێمۆڵەت بە هەر کەسێکەوە بگیرێت ئەوا بە پێی یاسای ژمارەی ٢ـی چەک لە هەرێم سزا دەدرێت.
لە یاسای ژمارە ٢ـی ساڵی ٢٠٢٢ـی تایبەت بە چەک هاتوە، هەرکەسێک چەکی بێ مۆڵەتی پێبێت یاخود لەماڵەوە دەستی بەسەردا بگیرێت، یان فرۆشتن و دەستاودەستی پێبکات، سزاکەی بریتی دەبێت لە بەندکردن بە ماوەیەک لە یەک ساڵ کەمتر نەبێت و لە سێ ساڵ زیاتر نەبێت، هەروەها پێبژاردنێک لە دوو ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە پێنج ملیۆن دینار زیاتر نەبێت.
ر.س
Comments are closed.